لە شاری مێردین لە باكوری كوردستان، نارەزایەتییەكان دژی دەستەبەسەرداگرتنی شارەوانی مێردین بەردەوامە.


دەستپێشخەری بۆ ئازادی و هونەر لەبەردەم شارەوانی مێردین گردبونەوە و لە راگەیەنراوێكدا ئیدانەی دوورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانی كرد و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كودەتا بەسەر بەڕێوەبەرییە هەرێمیەكان و گەلی كورد و داكۆكیكارانی ماف و ئۆپۆزسیون لەبەرچاو نەگرتنی سەرەتایترین مافەكانیانە و قبوڵی ناكەن.


راشیگەیاند، لە ئێلحەوە تاوەكو خەلفەتی، لە مێردینەوە تاوەكو ئەسەنیورت و جولەمێرگ لە هەموو شوێنێك بەردەوام دەبن لە نارەزایەتی و گردبونەوە و خۆپیشاندان.


هاوكات هاوسەرۆكی شارەوانی مێردین كە لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوە رایگەیاند، لە ماوەی هەشت ساڵی قەیومدا هێرشی زۆر كراوەتە سەر هونەر و هونەرمەندان، لە ماوەی هەشت ساڵدا هیچ كۆنسێرت و فیستیڤاڵێك نەكراوە، لەبەر ئەوەی سیستەمی قەیوم دژایەتی كلتور هونەری گەل و دوژمنایەتی ناسنامە جیاوازەكان دەكات.