وەزیری وزەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، بۆرییەکانی نەوت ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا ھەناردەکردنە دەستی پێنەکردووەتەوە. 

وتیشی، لە ئێستادا ھیچ بەربەستێکی تەکنیکی و ھونەری لەبەردەم ئەو پڕۆسەیە نییە، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان ھەرێم و عێراق ھۆکارن بۆ راگرتنی ھەناردەی نەوت تا ئەم ساتە.

جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەوان ھانی ھەرێم و بەغداد دەدەن بۆ ئەوەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و ھەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە پەیوەندی بەردەوامدان.

تورکیا لە ٢٥ی ئاداری ساڵی رابردووەوە لەسەر بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە پاریسە، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی راگرت.