ئێوارەی ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان بەھای دۆلار بەرامبەر دینار دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی و بۆ ماوەیەک ١٠٠ دۆلار بە کەمتر لە ١٥٤ ھەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.

جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھۆکاری سەرەکی دابەزینی بەھای دۆلار کەمبوونەوەی خواستە لەسەر ئەو دراوە و ئەمڕۆ دۆلارێکی زۆر خرایە بازاڕەکانەوە و لەبەرامبەردا خواست لەسەر دینار بەرزبووەتەوە.

وتیشی، ھۆکارەکانی دیکەی دابەزینی بەھای دۆلار پەیوەندیدارن بە پێشبینی مامەڵەکاران بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بانکی ناوەندی لە ساڵی داھاتوودا بە ئامانجی بەرزکردنەوەی بەھای دینار لەناویاندا گۆڕینی سەرجەم مامەڵەکان بۆ دینار و مامەڵەی بازرگانی بە دینار و دراوەکانی دیکە لەگەڵ وڵاتاندا.