پێگەی ھیلینک شیپینگ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان کۆمپانیای سۆمۆ و حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیای ھێڵی نەوتی تورکی "بوتاش" بەرەوپێشچوونی تێدا بەدیھاتووە، کە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراون. 

لە راپۆرتەکەشدا ھاتووە، لەڕووی تیۆرییەوە دەتوانرێت ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام ھێشتا پێویستە چەند بابەتێکی سیاسی و بازرگانی چارەسەر بکرێت. 

بەپێی ئەو راپۆرتە، پێویستە کۆمپانیای سۆمۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەو بازرگانانەی نەوت ئەنجامبدات، کە پێشتر نەوتی خاویان لە کێڵگەکانی ھەرێم کڕیوە. 

ھەروەھا پێویستە بابەتی یاسایی نێوان ئەنقەرە و بەغداد چارەسەر بکرێت و رەزامەندی بدرێت لەسەر مەرج و گومرگی داھاتوو ئەو بۆرییە نەوتییە. 

خاڵی سێیەمیش ئەوەیە، دەبێت رێککەوتن بکرێت لەسەر چۆنێتی پێدانی داھاتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لەو نەوتەی ھەناردە دەکرێت. 

بەپێی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، زیانەکانی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری رابردووەوە، گەیشتووەتە حەوت ملیار دۆلار.