باسم محەمەد عەبادی بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرھێنانی نەوت بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، لەگەڵ ئەنقەرە رێککەوتوون رۆژی ١٩ ئەم مانگە لە بەغداد کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان چەندینجار پەیامیان بۆ یەکدی ناردووە سەبارەت بە پابەندبوونی ھەردوولا بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بە زووترین کات. 

عەبادی راشیگەیاند، ئەنقەرە پێی راگەیاندوون ھۆکاری دەستپێنەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بەھۆی ئەوەیە بۆری گواستنەوەی نەوت کاری چاککردنەوەی تێدادەکرێت و تائێستا تەواونەبووە. 

بریکاری وەزیری نەوت ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق لەئێستادا ئامادەیە لە رێگای بۆری نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە رۆژانە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکات.

لە رۆژی ٢٥ ئادار بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان راگیراوە، ئاژانسی رۆیتەرزیش دەڵێت، تائێستا ھەرێمی کوردستان بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتەوە، زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.