رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عێراقییەوە بڵاویکردەوە، تائێستا کۆمپانیای بۆتاشی تورکی بەھۆی ھەڵبژاردنەکانەوە ھیچ رێنماییەکی وەرنەگرتووە تا ئامادەکاریی بکات بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھەناردەی نەوتی ھەرێم لەرێگەی بەندەری جەیھانەوە دەستیپێنەکردووەتەوە کە داواکاریی رەسمی حکومەتی عێراقە و لە ھەفتەی رابردوەوە پێشکەشیی تورکیایی کردووە.

لە رۆژی ١١ی ئەم مانگەوە وەزارەتی نەوتی عێراق، لایەنی تورکیای ئاگادارکردەوە بۆ ئەوەی کە لە رۆژی ١٣ی ئەم مانگەوە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان دەستپێدەکاتەوە، بەڵام تائێستا تورکیا وەڵامی ئەو داوایەی عێراقی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت نەداوەتەوە.

رۆژی ٢٥ی مانگی ئاداری ئەمساڵ، دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، سکاڵایەکی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلاییکردەوە و بە بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراق ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە راگیرا، دواتریش لە ٤ی ٤ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، رێککەوتن ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لەژێر سەرپەرشتی کۆمپانیای سۆمۆ دەستپێبکاتەوە.