ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان دابەزینێکی کەمی تۆمارکرد، بەشێوەیەک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیھان ٣٧ سەنت دابەزی و بە ٧٧ دۆلار و ٩١ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نرخی نەوتی تەکساسیش ٢٨ سەنت دابەزینی تۆمارکرد و بە ٧٢ دۆلار و ٦٩ سەنت مامەڵەی پێوەکراوە. 

ھۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار دەگەڕێتەوە، لەھەمانکاتدا وەبەرھێنەران چاویان لەسەر دوایین پێشھاتەکانە سەبارەت بە بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، کە بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، لە رۆژی شەممەی رابردووەوە، راگیراوە. 

ھاوکات شارەزایان لە سیتی بانک کە یەکێکە لە گەورەترین بانکەکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، کاریگەری راگرتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بازاڕی نەوت زووتر نەما وەک لەوەی پێشبینی دەکرا، چاوەڕوانیش دەکرێت بەھۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەناوخۆی عێراق، رێککەوتنێکی سیاسی ھەمیشەیی بە زووترین کات لێبکەوێتەوە، کە ھاوکار دەبێت لەوەی قەبارەی ھەناردەی رۆژانەی نەوت لە بۆرییەکانەوە بە بڕی ٢٠٠ ھەزار بەرمیل بەرزببێتەوە.