لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوو، سێ گەورە بانکی ئەمریکی کە پێکھاتوون لە (سیلیکۆن ڤالی و سیلڤەرگەیت و سیگنەیچەر)، مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاند، ئەوەش بووە ھۆی دروستبوونی شڵەژان لە بۆرسەی جیھانی و پشکەکانی وۆڵ ستریت و داو جۆنز و ناسداک و ستاندەر ئەند پوور دابەزینیان بەخۆوە بینی.

ئەوەش بووە ھۆی زیاتر راکێشانی سەرنجی وەبەرھێنان بۆ بازاڕی زێڕ، وەک پەناگەیەکی سەلامەت بۆ بەگەڕخستنی سەرماییەکانیان.

شەوی رابردووش بە کاتی ئەمریکا پێش داخستنی بۆرسەی جیھان، نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا ١٩١٠ دۆلاری بۆ ھەر ئۆنسەیەک تێپەڕاند، ئەوەش بەرزترین نرخی ئەو کانزا زەردەیە لە ١٠ی شوباتی رابردووە.