وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە دەڵێت ھەردوولا گفتوگۆ دەکەن لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە نوێیەکان بەرامبەر بە دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.

وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت ئامانج لە گفتوگۆکان "ھێنانەکایەی زۆرترین سوود و داھاتی داراییە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی کە ڕۆڵی لە بەھێزکردن و پاڵپشتی ئابووری نیشتمانی و پیشەسازیی نەوت ھەبێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند ئەمساڵ پشکی ھەرێمی کوردستان بەگوێرەی پێوەرێکی دیکە ھەژمار دەکرێت و ساڵی ڕابردوو بڕە پارەیەکی کەمیان داوەتە ھەرێمی کوردستان.

بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، دەبێت بەغدا مانگانە مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت ئەویش لەبەرامبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان رۆژانە داھاتی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغداد بکات.

بەڵام دوای چەند مانگێک بەغداد وەستا لە پێدانی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و دواتر بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە لەلایەن بەغداد بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخانکرا و لەگەڵ دواکەوتنی پێدانی ئەم بڕە پارەیە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانیش دوادەکەوێت.