حەیدەرعەبادی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی دیجلەی عێراقی رایگەیاند، ئێستا بەھۆی جۆرێک لە رێککەوتنی سیاسی دەرفەتێک ھاتووەتە پێشەوە، بەڵام ئەو رێککەوتنە ھەستیارە، چونکە رەوتی سەدری تێدا نییە و ئەو رەوتە لە ئەنجومەنی نوێنەران و پڕۆسەی سیاسی کشاوەتەوە و کەس نازانێت ئەو رەوشە چۆن دەڕوات، ھەربۆیە پێویستی بەوەیە کاری لەسەر بکرێت.
عەبادی دەشڵێت، رەوتی سەدر بەشێکی گرنگە و جەماوەرێکی زۆر و گوێڕایەڵی ھەیە، ھەروەھا موقتەدا سەدر رێبەری رەوتەکەش بە برا و ھاوڕێی خۆی و بە کاریزما ناودەبات.
دەشڵیت، پێویستیان بە چاکسازی ھەیە و چاکسازیی راستەقینەش دابەشکردنی سەروەت و سامانە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز، لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە گواستییەوە، رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداد لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم، رەوانەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی رەزامەندی کۆتایی لەسەر بدرێت و پێدەچێت رۆژی دووشەممەش رێککەوتنەکە لەلایەن لایەنێکی رەسمییەوە پشتڕاست بکرێتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تورکیا دەیەوێت پێش دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جیھان، دۆسیەی دووەمی ناوبژیوانی پەیوەست بە رێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ کە لە ساڵی ٢٠١٨وە بە کراوەیی ماوەتەوە، یەکلایی بکرێتەوە و ئەوش پێدەچێت نزیکەی دوو ساڵ بخایەنێت.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، تا ئێستا تورکیا لە رێککەوتنی سەرەتایی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق ئاگادار نەکراوەتەوە و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن.
محەمەد کازم ئال سادق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە رایگەیاند، ئەو ھەواڵانەی باس لە لەشکرکێشی ئێران دەکەن بۆ سەر ھەرێم سەرلەبەریان ناراستن و ھەرگیز ئێران بیری لە ھەنگاوێکی لەو جۆرە نەکردووەتەوە، راشیگەیاند، ئەوە چەواشەکاری میدیاییە لە ھەردوو وڵات کە نایەوێت پەیوەندی عێراق و ئێران دۆستانە و نزیک لەیەکتر بن.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردووی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی کوژرانی ژینا ئەمینی و رەوشی وڵاتەکە، ئال سادق ئاماژەی بەوەکرد، ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییە بەھۆی دزەپێکردنی لایەنەکانی کوردی نەیاری ئێران لە ھەرێم سەریانھەڵدا و دەزگای ئەمنییەکانی وڵاتەکەی تۆڕێکیان لەناوبردووە کە پیلانێکی گەورەیان ھەبووە و ئەو تیمەش لە ھەولێرەوە رێکخراوە و رەوانەی ئێران کراوە.
لە بریارەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراقدا هاتووە، ھەموو دەروازە سنورییەکان پابەند دەکات و نابێت رێگەی بە داخڵبوونی گەنمی وڵاتان بدەن. بریارەکەش لەمرۆوە جێبەجێ دەکرێت.
لە بارەی بریارەکەوە، سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کردوە، بریارەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەروازە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بەپێی بەدواداچوون و ئەو ئامارانەی لە ئەنجامی روپێیوییەکانیان دەستیان کەوتووە، بەرھەمی رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت کە بە ئۆپیک ناسراوە، لەکۆتاییەکانی مانگی رابردوودا بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و ئەوەش کاریگەری ھەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی پابەندبوونی وڵاتانی گەورە ھەناردەکاری نەوت بە رێککەوتنی بەرھەمھێنانی نەوت و ھەناردەکردنی، بۆیە پێشبینی دەکرێت رۆژی دوو شەممەی داھاتوو لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەوەی ئۆپیک بەڕێوەبچێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی زانیارییەکانیان کەبوونەوەی بەرھەمی نەوتی رێکخراوی ئۆپیک دوو ھۆکاری سەرەکی ھەیە، یەکێکیان راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانە و ھۆکارەکەی تریش کارکردنە لە کێڵگەیەکی گەورەی نەوت لە ئەنگۆلا.
دوای ئەوەی ناوەندیی ئابووری سیاسی عێراق ھۆشداریدا لە باج خستنە سەر بەرھەمەکانی نەوت وەک نەوت، بەنزین، گاز و بەرھەمی پڵاوتگەکانی نەوت کە وەک بڕگەیەک لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ی عێراقدا جێگیرکراوە، باسم غەریباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان رایگەیاند، ئەو بڕگەیە ئەگەر تێبپەڕێنرێت کاریگەری خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی سەرجەم ھاووڵاتیانی عێراق دەبێت.
وتیشی، پێویستە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی دارایی رێگە نەدەن بڕگەی باج خستنەسەر بەرھەمەکانی نەوت لەناو پرۆژەیاسی بودجەی ئەمساڵدا تێبپەڕێنرێت و دەبێت ھەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانی عێراقییەکان دروست دەکات.
خالید شەممال، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، ئەو بڕە بارانەی بەمدواییە لە ناوچەکانی باکور باریوە سودبەخش و کاریگەر بووە و توانیویانە لە بەنداوەکانی موسڵ و دەربەندیخان و عوزێم و دەریاچەکانی سەرسار و حەبانییە گلی بدەنەوە.
وتیشی، بەشێوەیەکی تەواوەتی ئاودێری کشتوکاڵی زستانە بەدیھاتووە و لەکاتی بارانبارینی زیاتر فشارەکان لەسەر گلدانەوە رادەگرن و ئاو رەوانەی دیجلەو فورات ناکەن.
وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دووپاتیکردەوە، بەردەوامی باران بارین رۆڵی ھەبووە لە دروستکردنی رووپۆشی سەوزەوات و چوونی ئاوی زیاتر بۆ رووباری فورات و کەمکردنەوەی کاریگەری ماددە پیسکەر و ژەھراوییەکان.
راوێژکاری سەرۆک وەزیران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو زیانە داراییەی بەر عێراق دەکەوێت بەھۆی ھاوردەکردنی غاز بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و سوتانی غازی دەرچوو لە کێلگەکانی نەوت لە ناوەراست و باشور، ساڵانە دەگاتە ١٢ ملیار دۆلار، ئەوەش تێچوویەکی زۆرە لەسەر داھاتی نەوت و داھاتی وڵات بە گشتی.
وتیشی، ئەوەی سەرۆک وەزیران رایگەیاندوە لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێن بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە، سەرەتایەکە بۆ راگرتن و کۆتایی ھێنان بە سوتانی غاز و بەکارھێنانەوەی بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا.
مەزھەر محەمەد ساڵح پێشبینی کرد، لەماوەی دوو ساڵدا بتوانن بە رێژەی ١٠٠% سوتانی غازی دەرچوو لە دەرھێنانی نەوت سفر بکەنەوە و بیخەنە بواری بەکارھێنان.
لەلایەکی ترەوە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەھەوڵی کۆمپانیای نەوتی ناوەراست توانیویانە وەبەرھێنان لە چوار بیری کێلگەی غازی عەکاز لە باشوری شاری قائیم بکەن و رۆژانە ٦٠ پێ سێجا غاز بەرھەمدەھێنن بۆ کارپێکردنی وێستگەی کارەبای عەکازی غازی کە ٩٠ بۆ ٩٥ میگاوات کارەبای ھەیە.
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نرخی دیاریکراوی نەوت و بەھای دۆلار لە پرۆژە یاسای بودجەدا نیگەرانی دروستکردووەو پەرلەمانتاران ترسیان ھەیە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا قەبارەی کورتھێنان لە بودجەدا زیاتر بکات.
زوھرە بیجاری، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، دیاریکردنی ٧٠ دۆلار بۆ نرخی بەرمیلێک نەوت لە پرۆژە یاسای بودجەدا زۆرێک لە پەرلەمانتارانی نیگەران کردووە و ھیچ گەرەنتییەک نیە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا نەیەتە خوار ئەو نرخەی لە بودجەدا دیاریکراوە، لەبەرئەوە پێویستە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە بەھای دۆلاریش لە بودجەدا کە سەد دۆلار بە ١٣٢ ھەزار دینار دیاریکراوە لە ئێستادا جیاوازە لە بەھاکەی لە بازاڕدا ئەوەش جێی نیگەرانییە و پێویستە ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و چارەسەر بکرێت.
زوھرە بیجاری، ئاماژەی بە نیگەرانییەکی تر لە پرۆژە یاسای بودجەدا و رایگەیاند، پەرلەمانتاران دژی ئامادەکردنی بودجەن بۆ ماوەی سێ ساڵ و دەپرسێت چۆن بودجە بۆ سێ ساڵ تێپەڕێنن لەکاتێکدا بەھای نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەردەوام لە گۆڕانکاریداو پێویستە ئەو تێگەیشتنە دابڕێژنەوە و پاشان ھەنگاو بنێن بۆ پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە.
لەسەر داوای جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا، سودانی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بەشداری لە لوتکەی لەپێناو دیموکراسی کرد و رایگەیاند، عێراق ئەزمونێکی دوورودرێژی لە خەباتکردن ھەیە و گەلەکەی قوربانی زۆریداوە لەپێناو بەدەستھێنانی ئازادی کە چەندین ساڵ بوو دیکتاتۆرییەت لەنێو زیندانەکان، ستەم و چەوساندنەوە گۆشەگیری کردبوو.
راشیگەیاند، حکومەتەکەی چەند کارێکی لە پێشینەی ھەیە لە پێش ھەموویانەوە دۆسیەی پتەوکردنی دیموکراسی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ھیچ کاریگەرییەکی سیاسی لەسەر حکومەتەکەی نییە لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان.
عەمار حەمەد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بەھای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ھەنگاو بەھەنگاو دادەبەزێت و چەندین ھەنگاویشی بۆ ئەو مەبەستە گرتوەتەبەر.
خەڵەف راشگەیاندووە، لەگەڵ یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی عێراق و ژمارەیەک بازرگاندا گفتوگۆیان لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانە کردوە کە دینە بەردەم ھەوڵەکانی دابەزاندنی بەھای دۆلار.
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی دووپاتیشیکردووەتەوە، ژمارەیەک رێکاری نوێ رادەگەیەنن کە کێشەکان چارەسەر دەکەن و ئاسانکاریی دەکەن لە دەستکەوتنی دراوی بیانیدا. ئەوەشی ئاشکراکرد، عێراق پێویستی بەوە نییە بانکی نوێ دابمەزرێنێت، بەڵکو پێویستی بە کاراکردنی بانکەکانی ئێستایە.
ھاوپەیمانی عەزم لە راگەیەنراوێکدا داوای لە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە پەلە بکات لە گواستنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ لیژنەی دارایی تاکو تاوتوێ بکرێت و بخرێتە بەرنامەی نزیکترین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
راشیگەیاندووە، پڕۆژەیاسای بودجە گرنگییەکی گەورە و ھەستیاری ھەیە لە پەیوەست بە ژیانی ھاووڵاتیان، بۆیە پەسەندکردنی کاریگەری ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئیداری ھەیە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە رۆژی ١٦ی ئادارەوە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە و تائێستا لە نوسینگەی محەمەد حەلبوسییە و نەدراوەتە لیژنەی دارایی.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تیمێکی گەڕان و رزگارکردنی سەربە بەرگری شارستانی پارێزگای نەینەوا لە ناوچەی مەیدانی سەربە شاری موسڵ، ١٢ تەرمیان دۆزیوەتەوە کە ناسنامەیان ئاشکرا نییە.
راشیگەیاند، تەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادی موسڵ کراون بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی.
دۆزینەوەی ئەو تەرمانە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٤دا چەکدارانی داعش شاری موسڵ و دەوروبەریان داگیرکرد و ماوەی سێ ساڵ لەو شارە مانەوە، لە دوای ئازادکردنی موسڵیش چەندین تەرم و گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە.
د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢٦ی٤ی ٢٠١٦دا کە تایبەت بوو بە ھەمواری یاسای ئەنجومەنی وەزیران، سەلیم جبور سەرۆکی ئەوکاتەی ئەنجومەنەکە ھێزی ھێنایەناو پەرلەمان بۆ رێگریکردن لە ناڕەزایی ئەو پەرلەمانتارانەی دژی ھەموارەکە بوون، دواتریش دادگای فیدڕاڵی کۆبوونەوەکەی ھەڵوەشاندەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکەی ٢٧ی ئەم مانگەش ھاوشێوە ئەو کۆبوونەوەیە پێشێلکاری دەستوری کرا، چونکە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران رێگری لە پەرلەمانتارانی ناڕازی کرد بۆچوونی خۆیان بڵێن و دەنگ لەسەر یاسای ھەڵبژاردنەکان بدەن، بۆیە ئەگەر سکاڵا تۆماربکرێت پێدەچێت دادگای فیدڕاڵی دانیشتنەکە و یاسای ھەڵبژاردنەکانیش ھەڵبوەشێنێتەوە.
سەرەڕای ناڕەزایی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا لەسەر ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکان، ئەوەش نیگەرانی فراکسیۆنی یەکێتی و چەند فراکسیۆنێکی دیکەی بەدوای خۆیدا ھێنا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان کۆبووەتەوە و باسیان لە ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کرد.
ھاوکات سەرۆکوەزیران پشتیووانەکانی حکومەتی بۆ کارەکانی کۆمیسیۆن بۆ رێکخستنی ئەو ھەڵبژاردنە دەربڕی و راشیگەیاند، سەرجەم پارێزگارەکانی راسپاردووە پشتیووانی لە کۆمیسیۆن بکەن.
رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگیدا لەسەر دیاریکردنی رۆژی شەشی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.
مالکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رەوتی سەدری پەراوێز نەخستووە و ھیچ کاتێک نیازی لەو شێوەیەیان نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر کەسێک نەیارێتی یاخود ناکۆکی سیاسی ھەیە لەگەڵیدا و دەیەوێت پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە، دەستی ئاشتەوایی درێژ دەکات و ئامادەی ئاشتبوونەوەیە لەپێناو وەلانانی ناکۆکییەکان، بە رەوتی سەدریشەوە.
ھاوکات مالکی سەبارەت بە تێپەڕاندنی یاسای سانت لیگۆی ھەڵبژاردنەکان وتی، پەرلەمانتارە سەربەخۆکان و ناڕازییەکان بەو رەفتارەی کردیان لە دژی یاساکە، گەورەترین پێشێلکارییان بۆ سەر دیموکراسییەت ئەنجامدا.