وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە
رەوەز
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥
دوای ئەوەی گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، کە رەنگە "بژاردەیەکی سەربازی" پێویست بێت بۆ رێگریکردن لە ئێران دژ بە چەکە ئەتۆمییەکەی، دوێنێش وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: هەڕەشەکانی ئیسرائیل "شەرمەزارکەرە" و تەنها توانای بەرگری خۆیان بەهێزدەکەن.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی ئەمریکی (پۆلەتیک) وەزیری دەرەوەی ئێسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە ئێران ئەوەندەی یۆرانیۆم پیتاندووە کە بتوانێت دوو "بۆمبی ئەتۆمی" دروست بکات، هۆشداریدا لەوەی کە کات رەنگە درەنگ بێت بۆ ئەوەی رێگری لێ بکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنەکەدا وتیشی: من پێموایە بۆ ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەر لەوەی ببێتە چەک رابگیرێت، دەبێت بژاردەیەکی سەربازی باوەڕپێکراو لەسەر مێزەکە هەبێت.
دوێنێ پێنجشەممە، ئیسماعیل باقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو قسانەی بە "شەرمەزارکەر و نالۆجیکی" وەسف کرد.
بەقایی لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند: "لە ناوچەیەکدا کە بەدەست بوونی قەوارەیەکی داگیرکەری دەستدرێژی کارەوە دەناڵێنێت، بە دڵنیاییەوە بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانمان کارێکی بەرپرسیارانە و زۆر پێویستە".
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مارکۆ روبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل رایگەیاندبوو، ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا "کارەکەی تەواو دەکات" دژی ئێران.
بەپێی راپۆرتێکی بڵاونەکراوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە رۆژی چوارشەممە لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بینراوە، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ لە 60% زیادکردووە، کە نزیکە لەو ئاستە 90%ـەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.