پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلانەوە: ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئاشتی
رەوەز
٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥
لە راگەیەندراوێکی تایبەتدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی لە پەیامی دوایی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکات و بە "سەرەتای قۆناغێکی گرنگ" وەسفی دەکات
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ لە پەیامێکدا پێشوازی لە وتارەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان کرد و وەک "پەیامێکی بەرپرسیارانە و پێویستی ئەم قۆناغە" ناوی برد.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی کردووەتەوە کە پەیامەکەی ئۆجەلان هەنگاوێکی گرنگە بەرەو "یەکخستنی ریزەکانی کوردایەتی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای هاوبەشێتی و پێکەوەیی بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی پرشنگدار و ئارامتر بۆ گەلەکەمان."
سەرۆکی یەکێتی رایگەیاندووە کە حزبەکەی ئەم پەیامە بە "سەرەتا و قۆناغێکی گرنگ دەزانێت" و وەک "ئەرکێکی نەتەوەیی بەرپرسیار پشتیوانی ئەم پەیامە و سەرخستنی هەر هەنگاو و پرۆژەیەکە کە گیانی پێکەوەیی و برایەتی لەنێوان کورد و تورک دەباتە پێشەوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە کە "بەدەم ئەم پەیامەوە بچن و هەنگاوی کرداریی بنێن بۆ گەیشتن بە ئاشتی سەرتاسەری". هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست نەدەین کە سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەکەی لە ساڵی 1993ـەوە داناوە."
لە کۆتاییدا، سەرۆکی یەکێتی جەختی کردووەتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "پشتیوانی خوشک و براکانمانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان."
شایانی باسە، ئەم پەیامە دوای پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان دێت کە تێیدا باس لە رێگاچارەی ئاشتییانە بۆ کێشەی کورد لە تورکیا کراوە و داوای دانانی چەک لە پەکەکە دەکات.