ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسانی نوێی سوریا بە ئامادەیی نزیکەی 600کەس و بێ بانگهێشت کردنی هێزە کوردییەکان کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانیان بەرێوەبرد و تیایدا ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا وتی: هۆشداری بە هەموو ئەوانە دەدەین کە یەکگرتوویی سوریا دەخەنە مەترسییەوە.

کۆمیتەی ئامادەکردنی کۆنگرەکە کە پێکهاتبوو لە حەوت ئەندام پێشتر بە ڕۆژنامەنووسانییان وت قسەیان لەگەڵ نزیکەی 4000 کەسدا کردووە لە سەرانسەری سوریادا، ئەوەش لە پێناو کۆکردنەوەی ڕا و بۆچوونییان کە دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە پێکهێنانی ڕاگەیەندراوێکی دەستووریی، چوارچێوەیەکی کاری ئابووری و پلانێک بۆ چاکسازیی دەستووریی.

بەرپرسان دەڵێن، ئەندامانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری کوردەکان لە سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، بانگهێشت نەکراون بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات فەرهاد شامی و بەرپرسی باڵای بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئیلهام ئەحمەد ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆیتەرزییان وتووە: کە هیچ کام لە ئەندامەکانییان بانگهێشت نەکراون بۆ کۆنگرەکە.