دەم پارتی و كەجەكە داوا دەكەن پەیامەكانی ئۆجەلان بە تۆماری ڤیدیۆیی بڵاوبكرێتەوە، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو دیداری نوێ لەگەڵ ئۆجەلان رێكبخرێت.

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان - كەجەكە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند: ئەگەر لێدوان و  پەیامەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان لەمەودوا بە تۆماری ڤیدیۆیی یان راستەوخۆ نەبێت، گومان دەخەنە سەری و قبوڵكراو نابێت.

هۆزات وتیشی پێویستە ئاستەنگ و فشارەكانیش لەسەر ئۆجەلان كەم بكرێتەوە لە پێناو هەنگاوی راستەقینە بۆ پڕۆسەی ئاشتیی لە باكوری كوردستان و توركیا.

لە لایەكی دیكەوە گوڵستان كڵچ، سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوو چاوپێكەوتنێكی دیكە لەگەڵ ئۆجەلان رێكدەخرێت و دوای ئەو دیدارە گرنگە پەیامێكی مێژویی  رادەگەیەنرێ كە سەردەمێكی نوێ بۆ چارەسەری پرسی كورد دەست پێدەكات.