مەزڵوم كۆبانێ داوا لە شەرع دەكات سەردانی ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بكات
١٨ی شوباتی ٢٠٢٥
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە داوا لە ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا دەكات سەردانی رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بكات.
مەزڵوم كۆبانێ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پێگەی نۆرس پرێس رایگەیاند، هیوادارن شەرع بتوانێت لەم قۆناغە هەستیارەدا فەرمانرەوایی سوریا بكات و پشتگیری هەسەدەشی بۆ هەر هەوڵێك دوپاتكردۆتەوە كە لە پێناو سەقامگیری و یەكریزی سوریا بدرێت.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا مەزڵوم كۆبانێ ئاشكرایكرد، دیمەشق داوای لێكردون ئەو چەكدارانەی كە بە رەگەز سوری نین لە ریزەكانی هەسەدە دوربخرێنەوە و دۆسیەی ئەمنیش رادەستی دیمەشق بكرێت، بە رادەستكردنی زیندانیكراوانی داعشیشەوە بۆ ئەوەی لە ژێر بەرپرسیارێتی حكومەتی سوریادا بن. هەروەها داوایان لێكراوە دەزگا حكومییەكانی سوریا دوبارە لە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەست بەكار بكەنەوە.
مەزڵوم كۆبانێ رایگەیاندووە، بۆ تاوتوێكردنی ئەو داواكارییانە بە نیازە جارێكی تر سەردانی دیمەشق بكاتەوە .