نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا، بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە بەغداد بەڕێوەچوو، قاسم ئەعرەجی و ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و دوایین پێشھاتە ئەمنیی و سیاسییەکانیان لە ناوچەکەدا، تاووتوێ کردووە.


باس لەوەشکراوە، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ ھاوکاریکردنی عێراق، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.


بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، ھەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی مەترسییەکانی کامپی ھۆل لە سوریا کردووە، کە ژمارەیەکی زۆری خێزان و منداڵی چەکدارانی گروپی تیرۆریستی داعش تێیدا نیشتەجێکراوە و بە پێویستیان زانیوە لە داھاتوویەکی نزیکدا، ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە.