درەنگانێکی شەوی رابردوو، ئاگرێک لە نەخۆشخانەی (ئیبن خەتیب)ی باشوری خۆرھەڵاتی شاری بەغداد کەوتەوە و سەرچاوە تەندروستیەکان دەڵێن لانی کەم ٢٧ کەس لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسیشس بریندار بون، ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەش بۆ تەقینەوەی بوتڵی ئۆکسجین دەگەرێندرێتەوە.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردوە، روداوی لەو جۆرە بەڵگەیە بۆ ھەبونی کەمتەرخەمی و لەو سۆنگەیەشەوە فەرمانی دەرکردوە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بکرێت و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و لێپرسراوی ئەمنی و لێپرسراوی تەکنیکیی نەخۆشخانەکەش دەستبەسەر بکرێن. 

کازمی کەمتەرخەمیی لەو جۆرەی بە تاوان ناوبردوە و داواشی کردوە لەماوەی ٢٤ سەعاتدا کەسی کەمتەرخەم بدۆزرێتەوە و سزا بدرێت.

ھەربەھۆی روداوەکەوە حکومەتی عێراق پرسەی رەسمیی بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاندوە و روداوەکەشی بە گورزێک بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ناوبردوە.