عیراق بەنیازە بەرهەمهێنانی نەوت تاكو 2029 بگەیەنێتە شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا
ئاکام
٢٣ی ئازاری ٢٠٢٥
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ كۆمپانیای بریتش پەتڕۆلیەم كراوە بەرهەمهێنانی نەوت تاكو ساڵی 2029 دەگەیەننە زیاتر لە شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
باسم محەمەد خزیر بریكاری وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، وەزارەت هەوڵدەدات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز زیاد بكات و ئامانجیانە لە ساڵانی 2028 و 2029 رۆژانە بەرهەمهێنان بگەیەننە زیاتر لە شەش ملیۆن بەرمیل.
دەشڵێت، وەزارەت كاردەكات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی لە رێگەی كۆمپانیا نەوتیەكان كە بەدوای نەوتدا دەگەڕێن و لە ئێستادا كار لەسەر پرۆژەی پەرەپێدانی غاز دەكەن لە باشوری عیراق.
وتیشی، لە كەركوكیش لەگەڵ كۆمپانیای بریتش پەتڕۆلیەم پەرە بە چوار كێڵگەی نەوتی دەدەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا گرێبەستی كۆتایی ئیمزا دەكرێت و دەست بە كارەكانیان دەكەن، بەم هەنگاوەش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە گشتی زیاد دەكات.