سودانی گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی چینی ئیمزاكرد بۆ دروستكردنی شارێكی پزیشكی لە زیقار كە چەندین پسپۆڕیی جیاجیای تێدایە.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سودانی گرێبەستێكی بە بەهای 490 ملیار دینار لەگەڵ كۆمپانیایەكی چینی ئیمزاكردووە، بە مەبەستی دروستكردنی شارێكی پزیشكی لە پارێزگای زیقار و بەمزوانەش پرۆژەكە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
دەشڵێت، ئەو شارە پزیشكییە 13 دامەزراوەی پزیشكی سەربەخۆ و حەوت نەخۆشخانە كە لە 700 قەرەوێڵە پێكدێن لە خۆدەگرێت، بۆ پسپۆڕییەكانی مندڵان و ژنان و نەخۆشییەكانی خوێن و شێرپەنجە و هەناوی و فریاگوزاری خێرا.
وتیشی، هەر لەو شارە پزیشكییەی زیقار كۆمەڵگەی كیلینكی پزیشكیی و توێژینەوەی زانستی و بانكی خوێن و تیشك و شوێنی مانەوەی پزیشكی تێدایە و رووبەڕی پرۆژەكەش 93 دۆنمە.
سودانیش رایگەیاندووە، حەوت نەخۆشخانە لە پارێزگاكانی تر دەكەنەوە و پرۆژەی بە نیشتیمانیكردنی كەرتی تەندروستی و دەرمان جێبەجێ دەكەن.