شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا کۆمەڵێک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەسەر رێگای خورماتوو - کفری، لە نزیک کارگەی گەچ، کەوتنە بۆسەیەکی هێزەکانمانەوە و دوو چەکداریان کوژرا.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، چەکدارانی داعش لە ناوچەی پەلکانەوە هاتوون و کەوتونەتە بۆسەیەکی سوپای عیراقەوە.

لە راگەیەندراوەکەی شانەی ئەمنی عیراقدا هاتووە؛ یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندووەتەوە و ئەویتریش کوژراوە و دوانیشیان هەڵهاتوون، ئاماژە بەوەشدراوە هێزەکانیان لە کێوماڵکردنی ناوچەکە بەردەوامن.

هێزەکانی سوپای عێراق لە ماوەی رابردوودا زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازییان ئەنجام داوە بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی نێوان خورماتوو و کفری، بەڵام بەهۆی سروشتی ناوچەکەو هەبوونی ئەشکەوت و پەناگەی زۆر، هێشتا چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە ماونەتەوە.