سەرۆک وەزیرانی عیراق و وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختیان لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە کردەوە
محەمەد رزگار
١٦ی ئازاری ٢٠٢٥
پیت هایگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی راگەیاند، کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی لە یەمەن و دەریای ناوەڕاست، هەتا حوسییەکان هێرشەکانیان رادەگرن.
نوسینگەی سودانی بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگری ئەمریکا پەیوەندی بە محەمەد شیاع سودانییەوە کرد و پێکەوە باسیان لە ئاسایشی ناوچەکە و سەرکەوتنەکانی ئەمدواییە کردەوە لە کوشتنی تیرۆریستان، هایگسێت لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سودانی رونی کردەوە؛ واشنتۆن لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکاندا نییە و هەر کە هێرشەکانی حوسییەکان وەستان، ئۆپەراسیۆنەکانمان دەوەستن.
لە وەڵامدا محەمەد شیاع سودانی رایگەیاندووە؛ عیراق پابەندە بە کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتی هێز و پاراستنی هاوبەشەکانی لە عیراق و جەختی کردەوە، کە دیالۆگ و هاوبەشی زیاتری نێوانیان رێگایەکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی پرسی تیرۆر.
لە کۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی گفتوگۆ و هاوکاری بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عیراق و ئەمریکا کردەوە، بۆ پێکەوە کارکردن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە.