وەزارەتی دادی عیراق: لیژنەیەك بۆ جێبەجێكردنی یاسای گەڕاندنەوەی خاوەنداریەتی پێكهێنراوە
ئاکام
١٥ی ئازاری ٢٠٢٥
وەزارەتی دادای عیراق رایگەیاند، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ جێبەجێكردنی یاسای گەڕاندنەوەی خاوەنداریەتی موڵك.
ئەحمەد لعێبی وتەبێژی وەزارەتی دادی عیراق رایگەیاند، لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ جێبەجێكردنی یاسای ژمارەی سێی ساڵی 2025 بۆ جێبەجێكردنی یاسای گەڕاندنەوەی خاوەنداریەتی موڵك و لە چەند مانگی داهاتووشدا رێنمایی پەیوەست بەو یاسایە دەردەچێت.
دەشڵێت، زیاد تەمیمی بریكاری وەزارەتی داد سەرۆكایەتی لیژنەكە دەكات و دیوانی چاودێری دارایی و ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كشتوكاڵیش ئەندامیان لەو لیژنەیەدا هایە.
وتیشی، رێنمایی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران نێردراوە و رێگە بە هاووڵاتیان دەدرێت كە كاری كشتوكاڵی لەو زەویانەدا بكەن و بە یاسای ژمارە 29ی 2012 ئەو بابەتە چارەسەر دەكرێت.
بەپێی یاسای 29ی ساڵی 2012 رێگە بە هاووڵاتیان دەدرێت كاری كشتوكاڵی لە زەویە كشتوكاڵیەكاندا بكەن بە مەرجێك نەكەوێتە پلاندانانی شارەكانەوە یان ئەو زەوییانە نەچنە چوارچێوەی پڕۆژە ستراتیژییەكان یان پلانە پەسەندكراوەكانی داهاتوو.