ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەتوندی دەستووری نوێی سوریا رەتدەكاتەوە
١٣ی ئازاری ٢٠٢٥
پاش ئیمزاكردنی دەستووری نوێی سوریا لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەتوندی رەتیدەكاتەوە و دەستورەكە بە پێچەوانەی رەوشی ئێستای سوریا و پێكهاتەكانی دادەنێت.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیەنراوێكی سەبارەت بە دەستووری نوێی سوریا بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد دەستوورەكە مافی هەموو پێكهاتەكانی تێدا لەبەرچاو نەگیراوە و ئەو پێوەرانەی دەستوورەكەی پێ داڕێژراوە بەشداریكردنی راستەقینەی پێكهاتەكانی سوریای تێدا نییە، بەڵكو ساختەكاریی ناسنامەی راستەقینەی نیشتمانی و كۆمەڵایەتی سووریایە.
لە راگەیەندراوەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دا هاتووە، "جەخت دەکەینەوە کە ئەم راگەیاندنە پێوەرەکانی فرەچەشنی نیشتمانی سوریای تێدا نییە و لە بەشداری راستەقینەی پێکهاتە نیشتمانییەکانی سوریا بەتاڵە، بۆیە جارێکی دیکە ئەم راگەیەندراوە گوزارشت لە 'عەقڵیەتی تاکڕەوی' دەکات کە درێژەی حاڵەتی پێشووی سوریایە کە گەل دژی راپەڕی".
جەخت لەوەشکراوەتەوە؛ دەستوورەكە بەم فۆڕمەی ئێستای هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە دیموكراسیەتی راستەقینە لە سوریا لەناو دەبات.