ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ تاوتوێکردنی پرسی چەکی ئەتۆمی ئێران لە کۆبونەوەدایە
رەوەز
١٢ی ئازاری ٢٠٢٥
کۆبونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ تاوتوێکردنی پرسی چەکی ئەتۆمی ئێران دەستیپێکرد و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت: ئەگەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بدرێت، هەڵوێستمان دەبێت.
کۆبونەوەکە داخراوە و پێشتر بەهۆکاری زیادبوونی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن ئێرانەوە، فەرەنسا، یۆنان، پەنەما، ، بەریتانیا و ئەمریکا داوای رێکخستنیان کردبو بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دژ بە ئێران.
ئەم کۆبوونەوەیە لەپاش راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دێت کە تیایدا هاتبو، ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو، خێرا بووە لە پیتاندنی یۆرانیۆم و نزیكبووەتەوە لە بڕی پێویستی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی.
بەوتەی ئەو ئاژانسە، ئێران بەرێژەی 90% نزیكە لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی، بەو پێیەی پێشتر مانگانە نزیكەی حەوت كیلۆگرام یۆرانیۆمی دەپیتاند، بەڵام ئێستا زیادیكردووە بۆ 30 كیلۆگرام.
هەڵسەنگاندنێکی تەکنیکی راپۆرتەکانی مانگی شوباتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی مەزەندەی کردووە، کە ئێستا ئێران ئەوەندە یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە کە ئەگەر زیاتری بکات، دەتوانێت حەوت چەکی ئەتۆمی پێ بەرهەم بهێنێت.
باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، "ئەگەر پێویست بکات رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێنینەوە."
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و ئەگەر رێککەوتنەکە هەڵبووەشێتەوە بەتەنیا لە زیانی ئێران نابێت.