قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عیراق کۆبونەوە
سام
٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە ئەکیرا ئیندۆ باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەمە بە ئامادەبوونی ئەراکاوا میکیهیرۆ کونسوڵی گشتیی ژاپۆن لە هەرێم بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا کرا.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ژاپۆن کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا لە عیراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ژاپۆن بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، هەروەها بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم، ماڵئاوایی لە کونسوڵی گشتیی ژاپۆن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.
لە لایەکی دیکەوە، جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی حکومەتی ژاپۆنی کرد بۆ هەموو هاوکارییەکانی لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە و یارمەتیدانی مۆزەخانەی سلێمانی و گەڕاندنەوەی کۆمەڵێک شوێنەواری مێژوویی بۆ مۆزەخانەی سلێمانی.
بەپێی راگەیاندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی ژاپۆن لە بوارە جیاوازەکاندا، لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوای کرد، حکومەتی ژاپۆن لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازییدا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.

