وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چەند رێنمایی و بڕیارێکی تایبەت بە مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە مانگی رەمەزاندا و لەبەر بارودۆخی رۆژووەوانان 15 بۆ 20 خولەک دوای بانگ، نوێژی شەوان ئەنجام دەدرێت.

دەقی رێنماییەکان:

1.پێویستە چێشتخانە و كافتریار و دوكان و بازاڕەكان رێزی ئەم مانگە بگرن و هەستی رۆژووەوانان بپارێزن.

2.لەم مانگەدا هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەك لە دامودەزگا فەرمییەكان پێشكەش ناكرێت.

3.پێویستە گشت كەناڵەكانی راگەیاندن تایبەتمەندی ئەم مانگە لەبەرچاو بگرن شتێك بڵاو نەكەنەوە، كە لەگەڵ گەورەیی و پیرۆزی ئەم مانگەنە گونجێت.

4.سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن بەرپرسن لە هەر هەواڵێكی نادروست سەبارەت بە راگەیاندنی یەكەم رۆژ و كۆتا رۆژی مانگی رەمەزان.

5.لەكانی پێشكەشكردنی بابەتی ئایینی دەبێت كەسێكی پسپۆڕ لەبواری ئایینی و مامۆستایانی ئایینی كە بە فەرمی كار دەكەن میوانداری بكرێن.

6.تەنها پێش نوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوت بۆی هەیە مەراسیمە ئایینیەكان و بەتایبەتی تەراویح ئەنجام بدات، بەپێچەوانەوە هیچ كەسێك بۆی نییە چالاكی ئەنجام بدات.

6.رێنمایی تایبەت بەمزگەوت و مامۆستایانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەرچووە، پێویستە گرنگی جێبەجێكردن و پراكتیزەكردنی ناوەڕۆكی بدرێت.

7. لە مانگی رەمەزاندا 15 بۆ 20 خولەک پاش بانگدانی شەوان نوێژ ئەنجام دەدرێت، لەبەر بارودۆخی رۆژووەوان، پێویستە رەچاوی كاتی گونجاو بكرێت لەرووی درێژی و كورتی تەراویح، هەروەها لەسەر بنەمای شەرعی ئەنجام بدرێت.

8.هەر مەراسیمێكی تایبەت بەم مانگە ئەنجام بدرێت لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و قەزا و ناحیەكان پێویستە لەژێر چاودێری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی/ یان بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان/ بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەوقاف بێت.

9.داواكارین لایەنەكانی پەیوەندیدار لە پارێزگا و یەكە ئیداریە سەربەخۆكان سەرپەرشتی و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ئەم رێنماییانە بكەن.

وەزارەتی ئەوقاف راشیگەیاندووە، "پێویستە وتارەكانی دوای عەسر بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتی رۆژووەوان لە 20 بیست خولەك زیاتر نەبێت و تەنها لەلایەن مامۆستای مزگەوتەوە پێشكەش بكرێت، بەبەكارهێنانی میكرۆفۆنی ناوخۆیی مزگەوت، کە تیایدا تیشك دەخاتە سەر بابەتەكانی ئەحكام و عیبادات و معاملات و بابەتی پەروەردەیی هۆشیاری هەڵمەتی (بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، كاریگەری کارتێکەرە عەقڵییەكان و  پێكەوەژیان)".

ئەوەشی خستووەتە روو، تەنها لە 10 شەوی كۆتایی مانگی رەمەزان دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن تاوەکو نوێژی بەیانی، بەمەرجێك رەزامەندی پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی لەسەر بێت.

وەزارەتی ئەوقاف دەشڵێت، "پابەندی تەواو بە فەتوای دیاریكردنی نیسابی زەكات و بڕی سەرفترە و فیدیە گرنگە، كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە دیاری دەكرێت".

هەفتەی داهاتوو و بە ئەگەری زۆرەوە رۆژی 1ی ئازار، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت بۆ ساڵی 2025.

مانگی رەمەزان یەکێکە لە مانگەکانی ساڵنامەی کۆچی، کە مانگێکە تیایدا موسوڵمانان بەرۆژوو دەبن و ئەرکە ئایینییەکانیان جێبەجێ دەکەن.