بانكی ناوەندیی عیراق وردەكاری كۆبوونەوەكانی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە و بانكی فیدراڵی ئەمریكا ئاشكرادەكات و سزای نوێش بەسەر پێنج بانكدا دەسەپێنرێت.

بانكی ناوەندیی عیراق لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، یەكەم كۆبوونەوەی وەرزیی ئەمساڵیان بە بەشداری كۆمپانیاكانی وردبینی و راوێژكاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە و بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا لە شاری دوبەی ئەنجامداوە.

دەشڵێت، گەنجینەی ئەمریكا ستایشی ئەو هەنگاوانەی عیراقی كردووە كە لە چاكسازی كەرتی بانكیدا گرتویەتییەبەر، لەوانەش، پێشكەوتنی سیستمی دابەشكردنی دۆلاری كاش كە بە پێشكەوتووترین سیستم لە جیهاندا دانراوە بۆ سنوورداركردن و دەستكاریكردن و بە قاچاخبردنی دۆلار.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆبوونەوەكە ستایشی گۆڕانكاری چۆنایەتی لە گواستنەوەی دەرەكی كردووە كە ئێستا هاوتای گواستنەوەكانی بانكە جیهانییەكانە.

ئاژانسی رۆیتەرزیش ئاشكرایكردووە، بانكی ناوەندی عیراق لەسەر داوای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رێگری لە 5 بانكی ناوخۆیی دەكات كە مامەڵە بە دۆلارەوە بكەن، ئەوەش بەهۆی بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات و پارەداركردنی گروپە چەكدارە قەدەغەكراوەكان، بانكەكانیش بریتین لە میسك، سەنام، موتەحیدە، ئەمین و مەشرق.