کوردسات نیوز زانیاری نوێ لەبارەی نەناردنی موچە لە بەغدادەوە بۆ هەرێم ئاشکرا دەکات
هەساو ئەمیر
١٠ی شوباتی ٢٠٢٥
محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد باسی لەوەکرد، ئەمڕۆ وەزیری دارایی عیراق هۆشداری داوەتە حکومەتی هەرێم لە پابەند نەبوونی بە رێککەوتنەکان و ئەگەری نەناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد ئەوەی خستە روو، ئەمڕۆ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق، نووسراوێکی رەسمی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کردووە، بە دوو خاڵ هۆشداری پێداون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەیف سامی لە نووسراوەکەدا ئەوەی خستووەتە روو، ئەگەر موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەبانکی 'تەوتین' نەکرێت و 50٪ـی داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد نەکرێت، ئەوا پابەندی رێککەوتنەکان نابن و موچە نانێرن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی یاسای بودجە کە پێشتر حکومەتی هەرێم و عیراق لەسەری رێککەوتن، دەبێت حکومەتی هەرێم ٪٥٠ـی داهاتی خاڵەسنوورییەکان و ٪١٠٠ـی داهاتی ناوخۆ بدات بە بەغدا و دواتر بەغدا ٥٠٪ـی ئەو داهاتە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم، دواتریش دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا لەسەر بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و ئەوەشێ خستە روو، نابێت موچە تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێت.