سەرۆک کۆمار دوای بەشداریکردن لە کۆبونەوەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس گەیشتەوە بەغداد
٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ شەممە 25-1- 2025، لە شاری داڤۆسی سویسرا، دوای بەشداریکردنی لە کۆبونەوەکانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی گەڕایەوە بەغدادی پایتەخت.
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی سەرۆک کۆماری عیراق لە چالاکییەکانی کۆڕبەندەکەدا، د.لەتیف رەشید لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی دەوڵەتان و ئابووریناسانی باڵا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکان و لێکۆڵەران و پسپۆڕانی کاروباری ئابووری کۆبوەوە کە لە رۆژی دووشەممەوە بەسەردانێک گەیشتە داڤۆس کە دەکاتە رێکەوتی 20-1-2025.
لە یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا سەرۆک کۆمار بەبایەخەوە باسی لە بەشداری عیراق و هەرێمی کوردستان کرد لە چالاکییەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، لە پۆستێکیشدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X) رایگەیاند: "شانازی بە عیراق و هەرێمی کوردستان دەکەم کە نوێنەرایەتییەکی دیاریانکردوە لە داڤۆس، کە کۆبونەوەیەکی گرنگی ساڵانەی سەرکردە و بیرمەندانی جیهانییە، بۆیە بەشداریکردنمان لەم وتووێژانەدا جەخت لەسەر گەشەسەندنی رۆڵی عیراق دەکاتەوە لەسەر سەکۆی جیهانی و پابەندبوونمان بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و داهێنان و هاریکارییەوە".
سەرۆک کۆمار لە داڤۆس چالاکییەکانی بە سەردانی ماڵی کوردستان دەستپێکرد، لەوێ لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا و وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا خۆشحاڵی خۆی بە دامەزراندنی ماڵی کوردستان دەربڕی و پیرۆزبایی لێکردن و هیوای سەرکەوتنی بۆ ماڵی کوردستان خواست لە کارەکانیان بۆ راکێشانی وەبەرهێن بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە عیراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پێشکەوتنی ئابووری و گەشەپێدانی بەخۆیەوە بینیوە، ئامادەیی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتی و هاریکارییەک بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەی کە خزمەت بە هاووڵاتیان دەکەن.
سەرۆک کۆمار هەروەها لەگەڵ کێن وێست بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هۆنیوێڵی ئەمریکی بۆ چارەسەری وزە و بەردەوامیی کۆبوەوە و باسی لە چۆنیەتی پەلەکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگەکان کرد لە کەرتی وزەی عیراق و کەمکردنەوەی سووتانی غاز و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی هەوا و بە مۆدێرنکردنی ژێرخانی ئابووری.
هاوکات سەرۆک کۆمار لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە داڤۆس پێشوازیکرد لە محەمەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران، کە چوارچێوە گشتییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران و چۆنیەتی بەهێزکردن و پەرەپێدانیان لە هەموو بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، ژینگەیی و وزەدا تاوتوێکرا و هاوکات دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری لەسەر گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخانە تەوەرێکی تری دیدارەکە بو.
دواتر سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ئیلهام عەلیێف کۆبوەوە و لە دیدارەکەدا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری دووقۆڵی کرا لەسەر ئاستی بازرگانی و ئابووری، هەروەها جەختیشکرایەوە لەسەر سود وەرگرتن لە توانا کانی هەر دوو وڵات و وەبەرهێنانیان بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتنی و خۆشگوزەرانی زیاتر .
هەروەها سەرۆک کۆمار لەگەڵ شا لویس فیلیپ لیۆپۆڵد ماری شای بەلجیکا کۆبوەوە و بانگهێشتی کرد کە سەردانی عیراق بکات و ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی بە کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە بەغداد پەرەپێ بدەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات تاکو ئابووری سەرەکی لە کەرتەکان و گۆڕانکاری لە کەرتی وزەدا بگرێتەوە، جگە لە بەشداریکردنی کۆمپانیا بەلجیکیەکان لە کەرتی وەبەرهێناندا.
لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ کۆشکی سویسرا لە کۆڕبەندەکەدا، سەرۆک کۆمار لەگەڵ کارین کێلەر سۆلەر سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سویسرا کۆبوەوە، کە بەشداریی لە کۆڕبەندەکەدا بەرز نرخاند و جەختیکردەوە لە ویستی سویسرا بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی لەگەڵ عیراق بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای هەر دوو وڵاتی دۆست بکات.
هەروەها سەرۆک کۆمار لەگەڵ ئەندرێ پلێنکۆڤیچ سەرۆک وەزیری کرواتیا کۆبوەوە، کە پیرۆزبایی لە کرواتیا کرد بەبۆنەی بون بەئەندام لە وڵاتانی شنگن، هەروەها پشتیوانییەکانی بۆ عیراق لە شەڕی دژی تیرۆر بەبایەخەوە وەسف کرد، هاوکات پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران .
سەرۆک کۆمار پێشنیاری دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئابووری عیراقی-کرواتی کرد بە شێوەیەک کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسۆی هاریکاری لە بوارەکانی گەشتیاری و کشتوکاڵدا فراوانتر بکات.
سەرۆک کۆمار لەگەڵ دیک شوف سەرۆک وەزیری هۆڵەندا کۆبوەوە و پەیوەندیی دووقۆڵی و میکانیزمی پەرەپێدانیان تاوتوێ کرد و گرنگی پەرەپێدانی ئاستی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات و زیاترکردن هاریکاری لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان، و کارکردن بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاو و کشتوکاڵی عیراقی و هۆڵەندا روونکردەوە، کە ئاماژەیە بۆ ویستی عیراق بۆ هاریکاری لەگەڵ کۆمپانیا هۆڵەندییەکان لە بواری گەشەپێدان و نۆژەنکردنەوەی کەرتەکانی نەوت و گاز و وزەی نوێبووەوە، هەروەها هاریکاری لە بواری ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا.
سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلادیمێر زێلێنسکی کۆبووەوە و تاوتوێی کۆمەڵێک بابەتی سەرەکی کرد لەسەر گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەڵوێستی عیراقی دووپاتکردەوە کە داوای رێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان و پێویستی چارەسەرکردن و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان دەکات لە رێگەی ئاشتی و پشت بەستن بە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختییشیکردەوە لەسەر پێویستی وەبەرهێنانکردن لە هەوڵە نێودەوڵەتییە بۆ چارەسەرکردنی ململانێی روسیا، جەختکردنەوە لەسەر ئامادەیی عیراق بۆ کارکردن و لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکانی هەردوولا.
دواتر سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە عەبدولحەمید دەبەیبە سەرۆک وەزیری لیبیا و باسی لە چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری کرد لە ئاستی سیاسی، ئەمنی، رۆشنبیری، گەشتیاری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هاوکات کارکردن لەسەر ئیمزاکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و هاوتا لیبیەکەی و هەڵوێستی عیراقی بۆ پشتیوانی لە یەکڕیزی ڕیزەکانی لیبیا دووپاتکردەوە.
هەر لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، سەرۆک کۆمار لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی دیکە کۆبوەوە، لەوانە مستەفا مەدبولی، سەرۆک وەزیری میسر، ئولف کریستێرسۆن سەرۆک وەزیری سوید، ئەنوەر ئیبراهیم سەرۆک وەزیری مالیزیا و گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، وەزیری دارایی قەتەر عەلی کوڕی ئەحمەد ئال کوواری، و وەزیری گەشەپێدانی بەحرەین نور بنت عەلی خەلیفە، شازادەی جێنشینی بەحرەین سەلمان کوڕی حەمەد ئال خەلیفە، وەزیری دارایی بەحرەین سەلمان کوڕی خەلیفە ئال خەلیفە، وەزیری دەرەوەی سعودیە فەیسەڵ کوڕی فەرحان ئال سعود و وەزیری پلاندانان و گەشەپێدانی ئابووری و هاریکاری نێودەوڵەتی د.رانیا مەشات و سکرتێری گشتی رێکخراوی هاریکاریی دیجیتاڵی نێودەوڵەتی دیما یەحیا و ژمارەیەک لە سەرکردە و سەرۆکی دەوڵەت و وەفدی دیکەی بەشداربوو لە کۆڕبەندەکەدا.
سەرۆک کۆمار هەروەها لەگەڵ سەرۆک و دامەزرێنەری کۆڕبەندی ئابووری جیهانی کلاوس شواب کۆبوەوە و مەسەلەی ئابووری لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و چۆنیەتی هاندانی بازاڕی جیهانی و باشترکردنی دۆخی ئابووری زۆربەی وڵاتان تاوتوێ کرد.
هاوکات جەختیکردەوە لە گرنگی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی و ڕۆڵی لە کۆکردنەوەی پێشەنگانی جیهان و سەرۆکی رێکخراوی ئابووریی و کۆمپانیاکان بۆ بەدیهێنانی یەکریزی ئابووری و رێککەوتنەکان کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی ئابووری گەلان.
هەروەها سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆکی ئەفریقای باشوور ماتامێلا سیریل کۆبوەوە و پیرۆزبایی لێکرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکایەتی جی ٢٠، هاوکات تاوتوێی پەیوەندیی دووقۆڵی و چۆنیەیی پێشخستنیان کرا بە شێوەیەک کە هاریکاری لە نێوان هەموواندا پەرەپێبدات، د.لەتیف رەشید ویستی خۆی نیشاندا کە کۆمپانیاکانی ئەفریقای باشوور بەشداری بکەن لە ئاوەدانکردنەوەی عیراق.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەفریقای باشوور لە بەغداد کە دەیان ساڵە داخراوە، هەروەها کاراکردنی رێککەوتنی هاریکاری ئابووری و تەکنیکی کە لە نێوان هەردوو وڵات ئیمزا کراوە، ئەمە جگە لە گرنگی هەماهەنگی هەڵوێستەکان لەسەر مەسەلە نێودەوڵەتییە جیاوازەکان بەتایبەت مەسەلەی فەلەستین.
چەندین چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنی لەگەڵ د.لەتیف رەشید کرا، لەو نێوەندەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە سەقامگیریی عیراق لە ئاستی ئەمنی و سیاسی و ئابووریدا، ئەمە جگە لەو دەرفەتە جۆراوجۆرانەی هاتۆتە ئاراوە بۆ وەبەرهێنان و هەوڵەکانی دەوڵەتی عیراق بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو هاوڵاتیان و دامەزراندنی سەقامگیری نێوخۆیی، هاوکات هەڵوێستی عێراقی لە دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان روونکردەوە بۆ گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و شێوازی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بەشێوەیەک کە بناغەکانی ئاسایش و ئاشتی لە جیهان دابمەزرێنێت.
سەرۆک کۆمار هەروەها باسی لە پەیوەندیی عیراق کرد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و پەسەندکردنی سیاسەتی رێزگرتن لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و رێگەنەدان بە هیچ لایەنێک بۆ پێشێلکردنی سەروەری وڵاتان، جەختیکردەوە لەسەر هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دۆستایەتی و هاریکاری لەگەڵ هەمووان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی باڵای عیراق بەدەست بهێنێت.
سەرۆک کۆمار هەروەها بەشداری لە دانیشتنی دیالۆگ کرد، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەوڵەتان و سەرۆکی وەفدی بەشدار، جگە لە پسپۆرانی ئابووری جیهانی، لەو نێوەندەدا باس لە هەوڵەکانی عیراق کرا لە ساڵانی ململانێ و سەرپێکەوتنەوە و بوژانەوەی، هەروەها بەشداری دیدگای عیراق وەک فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا، رووناکی خستنەسەر گرنگی هاریکاریی ناوچەیی بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوبەشەکان، بە ئاماژەدان بەو پێشکەوتنانەی عیراق لە دوای کۆتاییهاتنی سەردەمی داعش بەدەستی هێناوە لەڕووی چاکسازیی گرنگ لە بواری ئاسایش و هەمەچەشنکردنی ئابووری و گرنگیدان بە ئاوەدانکردنەوەی وڵات لە رێگەی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی خانووبەرە، تەندروستی، پەروەردە، گەشەپێدانی بەردەوام، گۆڕانکاری دیجیتاڵی، چاکسازی لە کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کار بۆ پشتگیریکردنی گەشەی ئابووری بەردەوام.
هاوکات دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی بەردەوامی عیراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژینگە و ئاڵانگاری کۆمەڵایەتی وەک گۆڕانی کەشوهەوا و بەڕێوەبردنی ئاو و کشتوکاڵی بەردەوام.
سەرۆک کۆمار پابەندبوونی عیراقی بۆ هەوڵی دیپلۆماسی و هاریکاریی ناوچەیی روونکردەوە و ئاماژەی بە هەوڵەکان کرد لە نێوەندگیریکردن نێوان لایەنە ناکۆکیەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتیی جێگیر بۆ دۆزی فەلەستین، جەختیشیکردەوە لە هێنانەدی دادپەروەری و چارەنووسی مافی سەرەتایی بۆ گەلانی چەوساوە.
سەرۆک کۆمار هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە ناوچەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەکارهێنراوە بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی ئەوانی تر، وە کاتی ئەوە هاتووە کە لاپەڕەیەکی نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەست پێبکرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، "عیراق لە چەند ساڵێکدا دەستکەوتی گەورەی لە ئاشتی بەدەستهێناوە ئەوەی کە نەیتوانی لە دەیان ساڵی پشێویدا بەدەستی بهێنێت".
کۆبونەوەکانی سەرۆک کۆمار کە بە ئامادەبوونی فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوە و دکتۆ عەلی شوکری سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران و پسپۆڕان لە سەرۆکایەتی کۆمار و د.محەمەد دەباغ لێپرسراوی کاروباری عیراق لە سویسرا بەڕێوەچوون، هاوکات کارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی و ئەنجامە خوازراوەکانی باسکرا سەبارەت بە چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری نێودەوڵەتی لە هەموو بوارەکاندا، جگە لە تاوتوێکردنی پێشهاتی سیاسی و ئەمنی سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی دامەزراندنی سەقامگیری و ئاشتی جیهانی.






