د.لەتیف رەشید رایگەیاند؛ عیراق دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و ڕێگەنادەین دەستوەردان لە کاروباریدا بکرێت و پەیوەندییەکی باشیشمان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە.

لەچوارچێوەی بەشداریکردنی لەکارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق بەشداری لە دیالۆگ کرد بە ناونیشانی (ڕێگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) جەختی لەسەر گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە لەسەر ئاستی جیهانی، ئاماژەی بەو دۆخە کرد کە دانیشتوانی غەززە و گەلی فەلەستین بەگشتی ڕووبەڕووی بوونەتەوە و جەختی لەپێویستی گەیشتن بەچارەسەرێکی کۆتایی و هەمیشەیی بۆ دۆخی فەلەستین کردەوە.

د.لەتیف رەشید ئاماژەی بەبارودۆخی لوبنان و بەشێک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا کرد کە ناوچەیەکی گرنگە و جەختی لەوە کردەوە کە پێشوازی لە پێشهاتەکانی سوریا دەکات و ئاماژەی بەوەدا کەدەمانەوێت سوریاییەکی دیموکراتی ببینین بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیانی سوریا بتوانن بەشداری لەپرۆسەی بڕیاردان لەوڵاتەکەیاندا بکەن و ڕوونیکردەوە کە عیراق نوێنەرێکی ناردووە بۆ لای ئیدارەی سوریا و پەیوەندییەکان بەردەوامن، ئێستا عیراق بە وریاییەوە چاودێری هەر پێشهاتێکی نوێ دەکات و داوامان ئەوەیە کە ئیدارەی سوریا نوێنەرایەتی هەمووان بەگشت پێکهاتەکانی وئایینزا و نەتەوەکانیەوە بکات.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە کە سوریا ئارامی بەدەست بهێنێت و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەدەستیانەوە دەناڵێنێت و جەختی لەوە کردەوە کەعێراق چاودێری بارودۆخی داهاتووی سوریا دەکات و بەدواداچوونی بۆ دەکات.

سەرۆک کۆمار رایگەیاند؛ توانیویەتی بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە و لەناوی ببات و هەمووان دەزانن کەئێمە بەدەست تیرۆری ڕێکخراوەکانی داعش و گروپەکانی ترەوە دەمانناڵاند و ئێستا عیراق لە تیرۆر پارێزراوە، بەڵام دەبینین چەند ناوچەیەک لەدەرەوەی عیراق لەژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستانە لەسەر سنووری عیراق و سوریا و نابێت ڕێگە بدەین ئەو گروپانە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەبکەن و هێرش بۆسەر عێراق و سوریا بکەن.

دوپاتی لەوەکردەوە کە عیراق دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و گەلی عێراق خۆی بڕیار دەدات و ڕێگە نادەین دەستوەردان لە کاروباری عێراق بدرێت و پەیوەندییەکی باشیشمان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە و سیاسەتمان لەعێراقدا زۆر ڕوونە و پەیڕەوی دەستوورمان دەکەین کە عێراق لەهەر دەستێوەردانێکی دەرەکی دەپارێزێت و دەبێت هەموو وڵاتان مامەڵە لەگەڵ ئەم پرەنسێپە بکەن و هەر دەستتێوەردانێک لەبڕیارە سیاسییەکانمان و شێوازی ژیانمان قبوڵ ناکەین، بەڵکو ئێمە بڕیار دەدەین چی بۆ عێراق گونجاوە.

د. لەتیف رەشید؛ ڕوونیکردەوە کە لەعیراقدا ماوەیەکی زۆرە بەدەست جەنگ و ئاژاوە و ئابڵۆقە و داگیرکاری و تیرۆریشەوە دەماناڵاند، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم لەماوەی پێنج شەش ساڵی ڕابردوودا عیراق توانی سەقامگیری بەدەست بهێنێت و ئێمە ئاشتیمان لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا جێگیر کردووە و هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدەین و پەرلەمانێکی نوێمان هەڵبژاردووە کەحکوومەتی پێکهێناوە و نوسینگەیەکی سەرۆکایەتیمان هەیە کەسەرۆک سەرۆکایەتی دەکات وهەروەها سیستمێکی یاساییمان هەیە کەیاساکان تایبەت بەعیراق دەردەکات، ئێمە لەعیراق بڕوامان بە دابەشکردنی دەستەڵات هەیە لە نێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی گەلدا، لەڕێگای هەڵبژاردنەوە، ئەوەش رێگا بۆ سەقامگیری لەوڵاتدا خۆش دەکات.