د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ کلاوس شواب سەرۆکی کۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە کاتی بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆڕبەندی داڤۆس کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پرسە ئابوورییەکان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و چۆنیەتی هاندانی جوڵەی بازاڕی جیهانی و باشترکردنی بارودۆخی ئابووری زۆربەی وڵاتان تاوتوێکران، سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی و ڕۆڵەکەی کرد، لە کۆکردنەوەی سەرکردەکانی جیهان و سەرۆکی ڕێکخراوە گەورەکانی ئابووری و کۆمپانیاکان، بۆ بەدیهێنانی یەکخستنی ئابووری و گەیشتن بە رێککەوتنەکان کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی ئابووری خەڵک.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە عیراق ئارام و سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت و بەرەو بەهێزکردنی هەلومەرجی ئابووری لەبوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەت ژێرخانی ئابووری و کەرتی وزە و ژینگە و خزمەتگوزاری و باشترکردنی بارودۆخی ژیانی هاووڵاتیان هەنگاو دەنێت، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی عیراق لە رێگەی ئاسانکارییەکانی یاسادانان و جێبەجێکارییەوە کار بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت دەکات، تەئکیدی لەوە کردەوە کە عێراق ژینگەیەکی بەپیتە بۆ وەبەرهێنان و هاوکاری ئابووری و بازرگانی.

هەروەها باسیان له پەرەسەندنەکانی روداوەکانی ناوچەکە کرد له هه رێم و کاریگەرییەکانی له سەر سەقامگیری ئابووری و گەشەپێدان.

لای خۆیەوە  کلاوس شواب ستایشی بەشداری بەرچاوی عیراقی لە کارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی کرد و تەئکیدیکردەوە، کە عیراق یەکێکە لەوڵاتە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و جیهان، ئاماژەکانیش پاڵپشتی دەکەن لەبەدیهێنانی پێشکەوتن لەبوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری و کۆمەلایەتیدا.