لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 21-1-2025 لە داڤۆس، لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربیجان کۆبوەوە و جەختیکردەوە لە گرنگی بەردەوامی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێکان.

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ قوربانیانی کارەساتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەربیجان بۆ ئیلهام عەلیێڤ نیشاندا و جەختیکردەوە لەسەر هاوسۆزی تەواوی گەلی عیراق لەگەڵ گەلی ئازەربیجان .

لەو دیدارەدا پەیوەندیی دووقۆڵی و چۆنیەتی پەرەپێدانیان لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێناندا تاوتوێکران، هەروەک سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی پەیوەندیی نێوان عیراق و ئازەربییجان و پێویستی پاراستنی هەماهەنگی و راوێژکاری نێوان هەردوو وڵات لەسەر مەسەلە جیاوازەکان، هاوکات فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لە بواری خزمەتگوزاری، ژێرخانی ئابووری و وەبەرهێنان و گەشتیاری بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەش بکات.

سەرۆک کۆمار گرنگی ئەو رێککەوتنانەی لە نێوان هەردوو وڵات ئیمزا کراون روونکردەوە کە کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر کەرتی ئابووری و وەبەرهێنان و پیشەسازی و گەشتیاری و ژینگەیی و وزە و ئاماژەیکرد بە گرنگی دەستپێکردنەوەی کارکردن لەسەر کردنەوەی رێگەی ئاسمانی نێوان بەغداد- باکۆ، هەولێر- باکۆ و نەجەف- باکۆ.

لە کۆبونەوەکەدا چەندین بابەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێکران، بەتایبەتی دۆخی سوریا و کاردانەوەکانی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە بەگشتی و هەردوولا جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی کارکردنی چر بۆ هێنانەدی سەقامگیری لە وڵاتدا بە حوکمڕانییەکی هەمەلایەنە کە بەشداریکردنی هەموو فرە رەنگی و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سوریا مسۆگەر دەکات .

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی بەردەوامی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، ئاماژەی بەوەدا کە "ناکۆکیی سوودی بۆ هیچ لایەنێک نییە"، جەختیکردەوە لەسەر پێویستی بەهێزکردنی نەریتی  گفتوگۆ و رێزگرتنی یەکتر لە نێوان هەموو لایەنەک.

دووپاتیشی کردەوە، ئەم رێچکەیە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکەدا، کە سوودی بۆ هەموو گەلان دەبێت.

لای خۆیەوە ئیلهام عەلیێڤ ویستی ئازەربیجانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستایەتی و هاریکاری لەگەڵ عێراق نیشاندا لە پێناو بەدیهێنانی ویستی هەر دوو گەلی دۆست بۆ خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن.

لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیر و وەزیری دەرەوە د.فوئاد حسێن ئامادەی بوو.