د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەمە 21-1-2025، لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە داڤۆس پێشوازی لە محەمەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران کرد و جەختی لەسەر قووڵایی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

لەمیانی دیدارەکەدا کە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس لە سویسرا بەڕێوەچوو، تاوتوێی چوارچێوە گشتییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران و چۆنیەتی بەهێزکردنیان کرا، بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی دراوسێ و تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر قووڵایی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی پەرەپێدانیان لە هەموو بوارەکانی ئەمنی و ئابووری و ژینگەیی و ووزەدا کردەوە.

هەر لەدیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە ناوچەکە و جیهان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا تاوتوێکرا و ئاماژەی بە گرنگی هەوڵدان و یەکخستنی دیدگاکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کرد بە شێوەیەک کە سەقامگیری پتەوتر بکات و ئایندەی گەلانی ناوچەکە بپارێزێت.

لەلای خۆیەوە جەواد زەریف، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق لە پاراستنی ئاسایش وسەروەری دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری هاوبەش لەپێناو بەدیهێنانی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بۆ هەردوو گەلی دۆست کرد.