بەپێی ریزبەندی بوارەکانی خوێندن بۆ ساڵی 2025 ، Subject Rankings 2025 زانکۆی سلێمانی لە چوار زانستی سەرەکیدا پلەی یەکەمی سەر ئاستی زانکۆکانی عیراقی بەدەستهێناوە.

ریزبەندییەکە دامەزراوەی تایمز بۆ خوێندنی باڵا ئەنجامی داوە و لەنێوان دوو هەزار و ٢٩ زانکۆی جیهاندا کراوە، لەسەر ئاستی عیراق زانکۆی سلێمانی لە بوارەکانی ئەندازیاری، زانستە فیزیکییەکان و پزیشکی و تەندرووستی، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی عێراق بەدەستهێناوە.

لە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنەکەدا، دامەزراوەی تایمز هەمان پێوەرەکانی ریزبەندیی زانکۆکانی جیهانی بەکارهێناوە، کە بەراوردکارییە لەسەر ئاستی ژینگەی فێربوون، ژمارە و ناوبانگی توێژینەوە، گواستنەوەی زانیاری و بەنێودەوڵەتی بوون.

ساڵانە دامەزراوەی تایمز ریزبەندی زانکۆکانی جیهان ئەنجام دەدات و سەرجەم ساڵەکانیش لەسەر ئاستی عیراق زانکۆی سلێمانی لەپلەی یەکەم و پێشینەی ریزبەندییەکەدایە.

زانکۆی سلێمانی یان زانکۆی دایک، یەکەم زانکۆی هەرێمی کوردستانە و لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە، ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٨١دا، رژێمی بەعس زانکۆى سلێمانی بە زەبری هێز بۆ هەولێر گواستەوە و ناوەکەی بۆ 'زانکۆی سەلاحەدین' گۆڕی، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٢دا، بۆ جارى دووەم دامەزرێنرایەوە.

زانکۆی سلێمانی لەڕووی ئەکادمییەوە هەردوو پڕۆگرامی بەکالۆریۆس و خوێندنى باڵا پێشکەشدەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس، بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا، ماستەر و بڕوانامەی دکتۆرا دەبەخشێت، هەروەها چەندین گۆڤاری ئەکادیمی بڵاودەکاتەوە و لە پێنج کامپ و شەش سەنتەر پێکهاتووە.