وتەبێژی یەكێتی: پێویستە لە حكومەتی نوێدا كەسی شیاو لە شوێنی شیاودا دابنرێت
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، گفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ بەردەوامە و پێداگرن لەسەر ئەوەی حكومەتی نوێ، حكومەتێكی سەقامگیربێت و بێ جیاوازی خزمەتی هەموو لایەك بكات.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر بنەمای بوونە هاوبەشی راستەقینە لە حكومەتدا، گفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ بەردەوامە و لیژنەی دانووستانكاری هەردوولا كارە هونەرییەكان جێبەجێدەكەن، كە تایبەتە بە تاوتوێكردنی بەرپرسیارێتییەكان و سیاسیەتی پێكەوە كاركردن و هەروەها ئەو پرسانەی كە دەبێت كاری لەپێشینەی حكومەتی نوێ بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، تاكو ئێستا لەگەڵ پارتی گفتوگۆیان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان نەكردووە، بەڵام وەكو یەكێتی پێداگرن لەسەرئەوەی حكومەتی نوێ، حكومەتێكی سەقامگیر بێت و تێیدا كەسی شیاو لەشوێنی شیاو دابنرێت، تاكو بێ جیاوازی خزمەت پێشكەشی هاووڵاتیان بكرێت.
وتەبێژی یەكێتی لەبارەی كێشەی موچەی فەرمانبەرانەوە ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراق هاوكار و هەماهەنگ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، هۆشداریشدا لەوەی خەڵكی كوردستان چیتر ئارام ناگرن لەسەر دابینكردنی پێداویستییەكانیان.