ئاگرەكەی لۆس ئەنجلۆس گەیشتووەتە شاری سینەمایی هۆڵیوود و زیاتر لە 100 هەزار دانیشتوی ئەو ناوچەیە داوایانلێكراوە بە زووترین كات ماڵەكانیان چۆڵ بكەن. 

هەرچەندە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە نزیكبوون لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا، بەڵام بوونی بای بەهێز رێگرە لە كوژاندنەوەی و ئاگرەكە نزیك بوەتەوە لە شاری سینەمایی هۆڵیوود.لە شاری لۆس ئەنجلۆس. 

هاوكات جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بڕیاربوو گەشتێك بۆ ئیتاڵیا بكات، بەڵام بەهۆی ئەم رووداوەوە گەشتەكەی هەڵوەشاندەوە.

بەهۆی ئەوەش كە تیمەكانی ئاگركوژێنەوەی كالیفۆرنیا فریای كوژاندنەوەی ئاگرە ناكەون، لە ویلایەتی نیڤاداوە چەندین تیمی ئاگركوژێنەوە بۆ هاوكاریی رەوانەی كالیفۆرنیا كراون.

بە گوێرەی دواین ئامار، تائێستا پێنج كەس بەهۆی ئاگرەكەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی دوو هەزار خانوو و باڵەخانە سوتاون و زیاتر لە 130 هەزار هاووڵاتی لە لۆس ئەنجلۆس داوایان لێكراوە ماڵەكانیان بەجێبهێڵن.