ماوەی چەند رۆژێکە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک لە چین میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، کە باس لەوەدەکرێت بڵاوبوونەوەی خێرایە و کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی هەناسە دروست دەکات.

دوای پێنج ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە هەمان وادەدا لە چین، ئێستا میدیاکان باس لە ڤایرۆسێکی نوێ دەکەن بە ناوی HMPV، ئەگەر چی ئەو ڤایرۆسە ئەوەندە نوێ نییە وەک لە میدیاکاندا باس دەکرێت و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠١ لە هۆڵەندا تۆمار کراوە.

ڤایرۆسەکە ماوەی سێ مانگە لە چین سەری هەڵداوەتەوە و بەخێرایی لەناو منداڵاندا بڵاودەبیتەوە، پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، ئەوەندە مەترسیدار نییە وەک ئەوەی لە میدیاکاندا باس دەکرێت، بەهەمان شێوەی پەتای وەرزییە.

 

دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەکە

بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠١ لە هۆڵەندا ڤایرۆسی HMPV 'هیومان مێتاپینیۆمیۆمۆ ڤایرۆس' تۆمار کراوە، کە هاوشێوەی ئەو ڤایرۆسانەی کار لە کۆئەندامی هەناسەدان دەکەن، ئەمیش کاردەکاتە سەر ئەو کۆئەندامە، ئێستا بەشێوەیەکی بەربڵاو لە چین سەری هەڵداوەتەوە و تاوەکو ئەم ساتە لە هیندستانیش سێ حاڵەت تۆمار کراون.

ماوەی سێ مانگە تەندروستی جیهانی چاودێری بڵاوبوونەوەی دەکات

ماوەی سێ مانگە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چاودێری تۆمارکردنی چەند حاڵەتێک دەکات لەناو منداڵانی چیندا، کە هاوشێوەی پەتای وەرزی نەخۆش دەکەون و بەشێوەیەکی گشتی منداڵەکان گرفتیان لە کۆئەندامی هەناسەیاندا هەیە، لە سەرەتادا هۆکارەکەیان بۆ چوونە ناو وەرزی زستان و ساردبوونی کەشوهەوا دەگەڕاندەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیش لە سۆشیاڵ میدیادا بابەتەکە بە جیهادا بڵاوبووەوە و دەسەڵاتداران داوایان کرد، منداڵ و بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی گرفتی کەمی بەرگری جەستەیان هەیە، تاوەکو دەتوانن گەشت بەرەو چین نەکەن.

 

پزیشکێکی پسپۆڕ: ئەوەی بڵاوبووەتەوە پەتای وەرزییە

بیلال زعەیتەر پزیشکی بواری دەرمانسازی و نەخۆشییە درمییەکان باسی لەوەکردووە، ئەو ژمارە زۆرەی باس دەکرێت لە چین، سەرجەمیان توشبووی ئەو ڤایرۆسە نوێیە نین، بەڵکو پەتای وەرزیش بڵاوبووەتەوە و رێژەی زۆری توشبووان پەتا وەرزییەکەیە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستیی چین ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە، ژمارەیەکی زۆری نەخۆشەکان توشی پەتای وەرزی بوون و ئەوەی باس دەکرێت جێگای نیگەرانی نییە.

بیلال زعەیتەر دەشڵێت، ساڵانە لەگەڵ چوونە ناو وەزی زستانەوە پەتا وەرزییەکان بڵاودەبنەوە و ئەوەش لە هەموو جیهاندا هەیە، لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە بەشێوەیەکی گشتی جیهان هۆشیارترن لەبارەی پەتاکانەوە، بۆیە لایەنە بەرپرسەکان بەرچاو روونترن و دەتوانن هەنگاوی پێویست بگرنەبەر.

 

نیشانەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە

نیشانەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە هاوشێوەی پەتا وەرزییەکانە، بەشێوەیەکی زیاتر لەنێوان منداڵاندا تۆمارکراوە، ئەگەرچی هەموو تەمەنەکان توشی دەبن.

بەشێوەیەکی گشتی لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە نیشانەکان و توندییەکەی دەگۆڕێت، لە نیشانەکانی ئەمانەن:

-تا: تایەکی کەم و مامناوەند.

-کۆکە: کۆکەیەکی بەردەوامی لەگەڵدایە، هەندێک جار بەپێی کەسەکان کۆکەکەی توندە.

-گیرانی لوت یان زیادبوونی دەردراوی لووت.

-هەناسەدان: کاردەکاتە سەر هەناسەدان و هەندێک جار هەناسەدان سەخت دەبێت.

-ماندوویەتی: کەسی توشبوو هەست بە ماندوویەتییەکی زۆر دەکات و بە ئاسانی ناتوانێت ئیش و کارەکانی ئەنجام بدات.

-لە منداڵاندا شیرخواردنیان کەمێک سەخت دەبێت بەهۆی گیرانی لووت و کورتی هەناسەدان.

بەرپرسانی تەندروستی باس لەوەدەکەن، ئەو کەسانەی خۆیان توشبووی نەخۆشییەکی درێژخایەن کە بە پەتا وەرزییەکان کاریگەر بن، یان سیستمی بەرگریان لاوازە، ئەوا لەوانەیە نیشانەکانیان توندتر بێت.

 

دایک و باوکان دەبێت چی بکەن؟

پزیشکەکان دایک و باوکان هۆشیار دەکەنەوە بەوەی، چاودێری منداڵەکانیان بکەن ئەگەر هەستیان کرد نیشانەکانی پەتای وەرزییان تێدایە، هەندێک جار رەنگی لێوی منداڵەکە شینباو دەبێت و ماندوو دەردەکەون، نیشانەکانی هەناسەتەنگیان پێوە دیار دەبێت.

ئاماژە بەوەشدەکەن، پوێستە لەو کاتانەدا سەردانی پزیشک و بنکە تەندروستییەکان بکەن و چارەسەری پێویست بۆ منداڵەکانیان وەربگرن.

ئەوەشی خستووەتە روو، ئاگاداربوونی پێشوەختە و خۆپارێزی سەختی نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە و زۆر گرنگە بۆئەوەی کەسەکان زووتر چاک ببنەوە.

 

ڤایرۆسە نوێیەکە وەک کۆرۆنا نییە

بەرپرسانی تەندروستی باس لەوەدەکەن، ڤایرۆسەکە نوێیەکە وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە، هەروەها پەتا نییە وەک ئەوەی کۆرۆنا دوای سێ مانگ لە بڵاوبوونەوەی بە پەتایەکی جیهانی ناسێنرا.

 

٥٪ی توشبووان پێویستیان بە نەخۆشخانە هەیە

لەبارەی ڤایرۆسە نوێیەکە و توشبووانەوە سازیر کومار، پزیشکی پسپۆڕی بوار تیشکی باسی لەوەکردووە، ٥٪ی توشبووانی ڤایرۆسەکە پێویستیان بەوەیە لە نەخۆشخانە بمێننەوە، رێژەی ٩٥٪ی توشبووان دەتوانن لە ماڵەوە چارەسەر وەربگرن و نەخۆشییەکە تێبپەڕێنن.

 

سێ توشبووی HMPV لە هیندستان تۆمارکراون

وەزارەتی تەندروستی هیندستان رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا سێ توشبووی ڤایرۆسەکە لە هیندستاندا تۆمارکراون، کە یەکەم حاڵەتیان کۆرپەیەکی تەمەن سێ مانگە، دووەمیشیان کۆرپەیەکی تەمەن هەشت مانگە، بەڵام زانیاری پێویست لەسەر حاڵەتی سێیەم نییە.

 

ڤاکسین

هێشتا هیچ ڤاکسینێک بۆ ڤایرۆسەکە نییە، پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، کەسانی توشبوو تەنها لەرێگای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، پشوودان و چاودێرییەوە دەتوانن نەخۆشییەکە تێبپەڕێنن.

 

حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە

ئەگەرچی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هاوشێوەی پەتای وەرزی خێرایە و لە هەندێک کەسیشدا نیشانەکانی توندە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمار نەکراوە.

 

رێگاکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە

ڤایرۆسی HMPV، لەرێگای بەرکەوتنی راستەوخۆ و تەوقەکردنەوە، هەروەها دەستلێدانی کەلوپەلی کەسانی توشبووەوە دەگوازرێتەوە.