ڤیدیۆ.. فڕۆکەیەکی کۆریای باشوور بە ١٨١ سەرنشینەوە تێکشکا
هەساو ئەمیر
٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکەیەکی کۆریای باشوور بە ١٨١ سەرنشینەوە تێکشکا و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان بەشێکی زۆری سەرنشینەکان گیانیان لەدەستداوە.
مالپەڕی رەسمی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکەکە لە جرۆی بۆینگ ٧٣٧ بووە و سەر بە هێڵی ئاسمانی 'جیجو' بووە و لە بانکوکی کۆریای باشوورەوە بەرەو موان رۆیشتووە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەوەندەی لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، فڕۆکەکە لەکاتی نیشتنەوەیدا لەسەر رێڕەوی سەرەکیی نیشتنەوەکەی لادەدات و بەهۆیەوە سەرەتا گڕ دەگرێت و لەماوەی چەند چرکەیەکی کەمدا بەیەکجار دەتەقێتەوە.
ئامارە سەرەتاییەکان باس لەوەدەکەن، زۆرینەی سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.
"پێدەچێت هۆکارەکەی جێبەجێنەکردنی میکانیزمەکانی نیشتنەوە بووبێت"
لەوبارەیەوە کێیز تۆنکین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکانی فڕۆکەوانی لە کۆمپانیای راوێژکاریی فڕۆکەوانی لە ئوسترالیا باسی لەوەکردووە، پێدەچێت هۆکاری لە رێڕەولادانی فڕۆکەکە جێبەجێنەکردنی میکانیزمەکانی نیشتنەوە بووبێت.
لە سەرەتای رووداوەکەدا و لە کۆنفارنسێکی رۆژنامەنووسیدا، سەرۆکی هێڵی فڕۆکەوانی جیجو و ستافەکەی، داوای لێبوردنیان لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، هۆکاری رووداوەکە هێشتا نادیارە و لە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
وتیشی، لە مێژووی ئەو فڕۆکەیەیەدا کە ئەمڕۆ توشی ئەو رووداوە بووە، هیچ رووداوێک و دۆخێکی نەخوازراو تۆمارنەکراوە و لەکاتی پشکنینی پێش فڕینیشدا هیچ گرفتێکی نەبووە.