سودەکانی خواردنی هێلکە لە بەیانیاندا
هەساو ئەمیر
٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
هێلکە یەکێکە لەو خۆراکانەی لەسەر سفرەی بەیانیانی زۆرینەی کەسەکاندایە، خواردنی هێلکە لە هەموو کاتەکاندا سودی خۆی هەیە ئەگەر زیادەڕەوی لە خواردنیدا نەکرێت.
هێلکە بەهای خۆراکی بەرزی هەیە و خواردنیشی لە بەیانیاندا چەندین سود بە جەستە دەگەیەنێت.
هێلکە لە قەبارەدا بچوکە، بەڵام بەهای خۆراکی بەرزە، کە دەکرێت ببێتە سیستمێکی خۆراکی هاوسەنگ و ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێش دابگرن دەتوانن بەیانیان بە کوڵاوی بیخۆن، هەر هێلکەیەکی قەبارە گەورە ٧٧ کالۆری تێدایە، ئەمەش وادەکات جەستە بە وزەوە بمێنێتەوە.
هێلکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی، A, B5, B12, D, E, K, B6، فسفۆڕ، کالسیۆم، زینک، پڕۆتین، چەوری تەندروست و سیلینیۆم.
هێلکە سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتینە بۆ جەستە، هەروەها بوونی ئەو هەموو ڤیتامین و کانزایە تیایدا، پارێزگاری لە تەندروستی هەریەک لە دڵ، چاو، پێست، قژ دەکات.
زەردێنەکەی بە نزیکەیی ١٨٦ میلیگرام لە کۆلیستڕۆڵ لەخۆدەگرێت، ئەوەش بۆ هاوسەنگی راگرتنی چەوری لە خوێندا پێویستە، بەڵام نابێت زیادەڕەوی لە خواردنیدا بکرێت.
پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، خواردنی هێلکە بە گەدەی بەتاڵ وزە و ڤیتامینی باش بە جەستە دەبەخشێت، باشترینیان ئەوەیە کە دەکوڵێنرێت، یان ئەگەر سووربکرێتەوە، ئەوا لە کەرەی تەندروستدا سوور بکرێتەوە باشترە، هەر بۆیە ئامۆژگاری دەکەن، لە بەیانیاندا بخورێت، چونکە گەدە بەتاڵە و بەدرێژایی شەو هیچ خۆراکێکی وەرنەگرتووە.