سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا، ڕایگەیاند، لەگەڵ دەستبەکاربوونی جۆو بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا، مۆسکۆ ھەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا، بەڵام دواجار ھەوڵەکانیان لەلایەن ئیدارەی بایدن، ڕەتکراوەتەوە.


ڕوونیشیکردەوە، سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن ھاوتا ئەمریکییەکەی دۆستانە بووە و لە کەشێکی ھێمنانەدا بەڕێوەچووە، لە سەرجەم پەیوەندییەکانیشدا پێی ڕاگەیاندووە مۆسکۆ خوازیارە سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، لە ڕێی گفتوگۆ و کەناڵی نوێی دیپلۆماسییەوە، چارەسەر بکرێن.


لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، ئیدارەی واشنتۆن زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر مۆسکۆ سەپاند و ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ڕووسیای لە ئەمریکا دەرکرد، لە بەرامبەریشدا ڕووسیا ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەو وڵاتەی لە ڕووسیا، دەرکرد.