سەرۆكی روسیا و توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا رەوشی سوریا و كۆبوونەوەكانی ریاز و رێككەوتنی دەریای رەشیان تاوتوێ كرد.

كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا توركییەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامداوە باسیان لە رەوشی ئێستای سوریا كردوە، جەختیانكردۆتەوە لەسەر پاراستنی سەقامگیری و یەكپارچەیی ئەو وڵاتە و یارمەتیدانی دیمەشق بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ.

بەپێی راگەیەنراوەكەی كرملن هەردوو سەرۆك لە تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكاندا باسیان لە دانوستانەكانی نێوان وەفدی روسیا و ئەمریكا لە ریازی پایتەختی سعودیە كردووە كە رێككەوتنی ئاگربەستی 30 رۆژەی لە ئۆكراین لێكەوتەوە.

هاوكات باسیان لە ئەگەری كاراكردنەوەی رێككەوتنی دەریای رەشی ساڵی 2022 كرد كە بەپێی رێككەوتنەكە رێگە بە تێپەڕینی كەشتییە بازرگانییەكانی ئۆكراین لە دەریای رەش دەدرێت لە بەرانبەر هەڵگرتنی بەشێك لە سزاكانی رۆژئاوا لەسەر روسیا.