بەپێی راپۆرتێکی تایبەتی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نامەیەکدا مۆڵەتی دوو مانگی داوەتە ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی.

ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە سەرچاوە نزیکەکان لە کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە کە دۆناڵد ترەمپ لە نامەکەیدا بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، هۆشداری داوە کە ئەگەر لە ماوەی دوو مانگدا ئێران بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی رازی نەبێت، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەنگاوی سەربازی لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەست پێ دەکات.

بەپێی راپۆرتەکە، وەڵامی ئێران بە رەتکردنەوەی دانوستانەکان، ئەگەری کردەوەی سەربازیی ئەمریکا یان ئیسرائیل لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زیاتر کردووە.

شایەنی باسە، هەفتەی رابردوو ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" ئاشکرای کرد کە نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی ناردووە و پێشنیاری دانوستانی راستەوخۆی کردووە. ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا "لە دوا ساتەکانیدایە" لەگەڵ ئێران بۆ یەکلاییکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، یان بە دانوستان یان بە کردەی سەربازی.

بەرپرسانی ئێرانی تا ئێستا بە فەرمی کاردانەوەیان لەسەر ئەم نامەیە نیشان نەداوە، بەڵام پێشتر رایانگەیاندبوو کە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە و ئامادە نین لەژێر هەڕەشەدا دانوستان بکەن.

پێشتر ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ فۆکس بزنس، وتی: “پەیامێکم بۆ ناردن و هیوای خۆمم دەربڕی کە دانوستانمان لەگەڵبکەن، چونکە دەستێوەردانی سەربازی کارەساتبار دەبێت بۆیان”. لای خۆیەوە، خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی قسەکانی ترەمپدا رایگەیاند: پێشنیاری ترەمپ بۆ دانوستان تەنیا بۆ فریودانی رای گشتییە.