ترەمپ داوا لە ئێران دەکات "دەستبەجێ" واز لە پشتیوانیکردنی حوسییەکان بهێنێت و دەڵێت: بەتەواوی لەناویان دەبەین.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ واز لە دابینکردنی چەک بۆ "حوسییەکان" بهێنێت و رێگەیان پێبدات خۆیان شەڕ بکەن، جەختیشی کردەوە لە هەردوو حاڵەتەکەدا "ئەوان شەڕەکە دەدۆڕێن و بە تەواوی لەناو دەچن".

ترامپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) نووسیویەتی: “ڕاپۆرتەکان ئاماژە دەدەن بەوەی، کە ئێران لەگەڵ کەمکردنەوەی پشتیوانی سەربازی و کەرەستەی دیکەدایە بۆ حوسییەکان، گەرچی هێشتا بڕێکی بەرچاو لە پێداویستییەکان هەر دەنێرێت”.

ناوبراو زیادی کرد: ئێران دەبێ دەستبەجێ دەست واز لە ناردنی ئەو پێداویستیانە بهێنێت، با حوسییەکان خۆیان شەڕ بکەن، بە هەر دوو رێگاکە ئەوان دەدۆڕێن، بەڵام بەم شێوەیە زووتر دەدۆڕێن.

لە کۆتاییدا وتی: "حوسییە دڕندەکان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە. سەیری ئەوە بکەن کە چۆن شتەکان وردە وردە خراپتر دەبن. ئەمە شەڕێکی دادپەروەرانە نییە، ئەوان بە تەواوی لەناو دەچن!"

پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو؛ کە ئەمریکا هەر هێرشێکی حوسییەکان بە هێرشی ئێرانی دەزانێت، هەروەها هەڕەشەی لە ئێران کرد کە "دەرئەنجامی توند"ی دەبێت. لە بەرامبەردا ئێران تۆمەتەکانی ئەمریکای رەتکردەوە و هۆشداریی دا لە هەرچەشنە کردەوەیەکی شەڕەنگێزانە دژ بە کۆماری ئیسلامی. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی سەربازیی نێوان ئەمریکا و حوسییەکان،

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لەسەر حوسییەکان لە پاش راگەیاندنی ئەو گروپە دێت، کە وتییان رێگە بە تێپەڕینی کەشتییە ئیسرائیلییەکان نادەین، لە  دەریای سوور و باب مەندەب.