روسیا: نۆ هەزار هاوڵاتی سوریمان لە بنكەی ئاسمانی حمەیمیم پەناداوە
١٣ی ئازاری ٢٠٢٥
روسیا رایدەگەیەنێت، نۆ هەزار كەسیان لە بنكەی ئاسمانی حمەیمیم لە ترسی كوشتن لە رۆژئاوای سوریا پەناداوە.
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، نزیكەی نۆ هەزار هاوڵاتی دانیشتوی لازقیەیان لە حمەیمیم پەناداوە كە لە ترسی كوشتن و توندوتیژی تائیفی سوپای سوریا لە سەرەتای ئەم مانگەدا هەلهاتبوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، مۆسكۆ تووشی شۆك بووە بەو پێشێلكاریانەی لە سوریا روودەدەن و هیوای خواست ئەو كەسانەی لەو تاوانانە تێوەگلاون، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و سزا بدرێن.
دوای تێكچوونی دۆخی ئەمنی ناوچە كەناراوییەكانی سوریا، سەدان خێزانی سوری پێكهاتەی عەلەوی، پەنایان بۆ بنكەی ئاسمانی حمەیمیم برد لە شاری لازقیە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە دوایین ئاماردا ئاشكرایكرد، هەزار و 383 هاوڵاتی مەدەنی كە زۆربەیان عەلەوین، بە دەستی سوپای سوریا لە ناوچە كەناراوەكانی ڕۆژئاوای سوریا كوژراون.