حەماس رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئازادكردنی سەرجەم بارمتەكان بە یەكجار
١٩ی شوباتی ٢٠٢٥
حەماس رەزامەندی نیشاندا بۆ ئازادكردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەكان لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە و ئیسرائیلیش لێپرسینەوە لە پێنج سەرباز دەكات، لەسەر خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ دیل و دەستگیراوە فەلەستینییەكان.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، بزووتنەوەی حەماس رەزامەندی نیشانداوە، لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە، سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەكان بە یەكجار ئازاد بكات، بە پێچەوانەوەی قۆناغی یەكەم، كە هەر هەفتەیەك سێ بارمتەی ئازاد كردووە.
راشیگەیاندوە، بزوتنەوەی حەماس وڵاتانی نێوەندگیری لەو هەڵوێستەی ئاگاداركردووەتەوە.
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، لێپرسینەوەیان لەگەڵ پێنج سەربازی یەدەگی سوپا دەستپێكردووە، لەسەر خراپ مامەڵكردن و ئەشكەنجەدانی دیل و دەستگیركراوانی فەلەستین لە گرتووخانەی سەدی تیمان.
رۆژی 19ی مانگی رابردوو، ئاگربەستی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس چووە بواری جێبەجێكردنەوە و تائێستاش، شەش جار لە رۆژانی شەممەی هەر هەفتەیەك ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەكان لەنێوان هەردوولا ئەنجامدراوە و تائێستاش 19 بارمتەی ئیسرائیل لەبەرانبەر سەدان دیل و دەستگیركراوی فەلەستینی ئازادكراون.