چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیدەكاتەوە دژی بانگهێشتكردنی ئەحمەد شەرع بێت بۆ لووتكەی بەغداد و دەڵێت، پەیوەندییان لەگەڵ سوریا دۆستانەیە.

داخل رازی نوێنەری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە بەشێكە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان رایگەیاند، بانگهێشتانامەی رەسمییان بۆ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر ناردووە بە مەبەستی بەشداریكرن لە لوتكەی عەرەبی لە بەغداد.

وتیشی، هەموو ئەو هەواڵانەی لە میدیاكان بڵاودەكرێنەوە كە چوارچێوەی هەماهەنگی دژی ئەو بانگهێشنامەیە بێت ، دوورن لە راستیەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، عیراق پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ سوریا هەیە و گۆڕانی كەسایەتییە سیاسییەكانیش كە ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبەن، نابێتە هۆی تێكچوونی ئەو پەیوەندییە و وەك خۆی دەمێنێتەوە.

بڕیارە لە مانگی ئایاری داهاتوو لوتكەی عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەبچێت، وەزارەتی دەرەوەی عیراقیش بانگهێشتمانەی ئاراستەی وڵاتانی بەشدار لەو لوتكەیە دەكات.