سەرۆكایەتی كۆماری عیراق راگەینراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دژایەتی هیچ دەسەڵاتێكی دەستووری ناكەن و ئەو سكاڵایەی لە دادگای فیدراڵی تۆماركراوە، بۆ چارەسەركردنی قەیرانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمە.

 

دەقی راگەیەنراوی رۆژنامەوانی هاوڕێ  تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی لە سەرۆکایەتی کۆمار :

به ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

 

سڵاو و رەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت

 

دەمانەوێت بۆ هاونیشتیمانیانی عیراقی ئازیزمان روونی بکەینەوە  کە وڵاتەکەمان بە قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕێت و پێویستە هەمووان پابەند بن بە یەکڕیزی نیشتمانی و هەستکردن بەبەرپرسیارێتییەکی باڵا بەرانبەر بە پرسە گرنگەکان.

سەرۆک کۆمار وەک پارێزەری دەستور و سیمبولی یەکڕیزیی گەل لەگەڵ هەمووان لە یەک دووری دەوەستێت.

لەماوەی دەیان ساڵدا گەلی عیراقیمان خوێن و قوربانییەکی گەورەی داوە لەپێناو بەدیهێنانی سیستمێکی دیموکراتی نوێنەرایەتی فیدراڵی کە تێیدا شکۆمەندی و ژیانێکی خۆشگوزەرانی هەبێت.

هەمووان دەزانن کە یاسای بودجەی سێ ساڵی فیدراڵی کە لەساڵی 2023 پەسەند کرا نەخشە رێگایەکە بۆ دابەشکردنی سەروەت و سامانی عێراق بەسەر هاووڵاتیانی خۆیدا کە بەگوێرەی ئەو ماف و ئەرکانەی سەر حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم سەرهەڵدەدەن

بۆیە دەمانەوێت ئەمانەی خوارەوە بە روونی و بە کورتی باس بکەین:

1. سەرۆکایەتی کۆمار پاڵپشتی سەرەکی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمە لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بەپێی یاساکانی کارپێکراو و لەژێر چەتری دەستوور.

2 . سەرۆک کۆمار دژایەتی هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری وڵات ناکات و ئەو سکاڵایەی سەرۆکایەتی کۆمار لەبەردەم دادگای فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە لەهەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی لەبەرانبەر ئازاری بەشێکی زۆری عیراقییەکان سەرچاوەی گرتووە و خۆپیشاندانی جەماوەری و مانگرتن لە خواردن بۆ کۆمەڵێک مامۆستا و فەرمانبەر کە بۆتە هۆی داخستنی چەندین قوتابخانە و پەکخستنی هەزاران خوێندکار و ئامانجی ئەم داوایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو و دەستوورییە لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم وێڕای بەرزنرخاندنی هەموو هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشە داراییەکان و تەئکیدیکردەوە لەسەر گرنگی پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بەجێبەجێکردنی بڕگەکانی هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و رادەستکردنی داهاتی نەوت و غەیرە نەوتی خۆی بۆ حکومەتی فیدراڵی.

3. سەرۆک کۆمار لەرێگەی راپەڕاندنی ئەرکەکانییەوە و بەدواداچوونی بۆ ڕەوشی ژیانی هاوڵاتیان و سەردانەکانی بۆ پارێزگا ئازیزەکانمان (بەسرە و نەینەوا و هەولێر و نەجەف و واست و موسەننا و ئەنبار) هەمیشە پەرۆشە بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلەکەمان بەهەموو پێکهاتەکانیەوە و گوێ لە دەنگ و داخوازییەکانیان دەگرێت .

لە کۆتاییدا سەرۆکایەتی کۆمار دامەزراوەیەکی دەستوورییە کە ئامانجی پاراستنی سیستەمی دەستووری، پاراستنی مافەکانی هەموو خەڵکە بەبێ جیاوازی و پشتیوانی لە هەموو دەسەڵاتەکان، تەئکید لەوە دەکاتەوە کە هەرکاتێک دەنگی گەلەکەمان یەکگرتوو بێت، وڵاتەکەمان خۆشگوزەرانی و بەختەوەری  بەدی دەهێنێت.