سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند دوای ئەوەی ڕاکان جبوری و ستافێکی پارێزگا بۆ لێکۆڵینەوە چوونەتە بەردەم دادگا، لەلایەن دادگاکەوە بڕیاری ڕاگرتنیان بۆ دەرچووە بەڵام بە دەستوەردانی سیاسی جبوری و ھاوەڵەکانی بە کەفالەت ئازادکراون.


سەرچاوەکە وتیشی لە نێو دۆسیەکەی ڕاکان جبوری بەڵگەی پێویست لەسەر گەندەڵیەکانی ھەبووە بەڵام لەلایەن دادوەرێکەوە ڕاکان جبوری و ستافەکەی بە کەفالەتی ٢٥ ملیۆن دینار ئازادکراون.


ھەفتەی ڕابردوو ڕاکان جبوری لەگەڵ ستافێکی پارێزگا لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵی کە لەلایەن جەمال شکور پەرلەمانتاری یەکێتییەوە جوڵێنرابوو لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکییەوە بڕیاری بانگھێشتکردنیان درا.


جەمال شوکور پەرلەمانتاری یەکێتی سەبارەت بە دۆسیەکە ڕایگەیاند، جبوری بە دەستوەردانی سیاسی و پشتیوانی دادوەر یاسر بە کەفالەت ئازادکراوە.


داواشیکرد سەرۆک کۆمار لەسەر ئازادکردنەکە بێتە سەر ھێڵ چونکە جبوری بەڵگەی تەواوی گەندەڵی لەسەر بووە چۆن دەبێت بە دەستوەردانی سیاسی و کەسی ئازاد بکرێت.