دەقی پەیامەکە: 


لە یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و تێپەڕبوونی ١٢٣ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان وەک یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان دەکەم، ھیوادارم کاروانی ڕاگەیاندنی کوردی بەردەوام لە گەشەسەندن و پێشکەوتندا بێت.
 
ڕاگەیاندنی کوردی لە ڕابردوودا سەرباری ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی،‌ سەکۆیەکی بوێری ئازادی ڕادەڕبرین بووە، لە ئێستاشدا ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری ھەیە لە گەیاندنی پەیام و زانیارییەکان و دەستنیشانکردنی کەموکورتی و نادادییەکان و  درووستکردنی ڕایگشتی. 

ئێمە لە سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە کە پشتیوانیی ھەموو ئەو میدیا و ڕۆژنامەنووس و دەنگەئازا و ئازادانەین کە لە چوارچێوەی یاسا و ئیتیکی کاری ڕاگەیاندندا پیشەییانە ڕووماڵی ڕووداو و زانیارییەکان دەکەن و ئەرکی میدیایی خۆیان جێبەجێ دەکەن، لە ھەمان کاتیشدا داوا دەکەین لە ھەرێمی کوردستان کۆتایی بە گرتن و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووسان بھێنرێت و ژینگەیەکی گونجاوتری کارکردنیان بۆ فەراھەم بکرێت. 

درود بۆ گیانی ھەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی کە لە پێناوی  ئازادیی و پێشکەوتن و دیموکراسیی و گەیاندنی راستیدا شەھیدبوون.