لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا جەختیان لە گرنگی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە لە عێراق کە خزمەت بە پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی بکات.

لە بارەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا ھاوڕابوون کە پەسەندکردنی یاسای بودجە بە ڕەزامەندی ھەولێر و بەغدا دەستپێکێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان حکومەتی ھەرێم و فیدراڵ. ھەروەھا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی یاساکە، لای خۆشییەوە قوباد تاڵەبانی پابەندبوونی ھەرێمی بە ناوەڕۆک و دەقەکانی یاساکە دووپات کردەوە و ڕاشیگەیاند بەم نزیکانە وەفدی دانووستانکاری ھەرێم جارێکیتر سەردانی بەغدا دەکاتەوە.

لە بارەی ناوخۆی کوردستان ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری سیاسیی ھەرێم، باڵیۆزی بەریتانیا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمان یارمەتیدەر دەبن بۆ پێشخستنی سەقامگیری سیاسی لە ھەرێمی کوردستان.

لەلایەکی ترەوە ھەر ئەمڕۆ جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئارشاک مانوکیان کۆنسوڵی گشتی ئەرمینیا لە ھەرێم. لە کۆبوونەوەیەکدا ھەردوولا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کرد بە تایبەت لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری و تواناسازی گەنجان و خوێندنی پیشەیی.